كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Tuesday, June 29, 2004

مانگرمانگرتنی جه‌ماوه‌ری شاری مهاباد و په‌یڤێك

له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا جه‌ماوه‌ری تێكۆشه‌ر له‌ شاری مهاباد له‌ به‌رامبه‌ر ئاكاری ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌ به‌كرێگیراوه‌كانی ڕژیمدا هه‌ڵوێستیانگرتوه‌. به‌ پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌ له‌ سایته‌ كوردیه‌كاندا بڵاوكراونه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری خۆفرۆش و به‌كرێگیراوی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی چه‌ندین جاره‌ بێڕێزی به‌‌دانیشتوانی ئه‌و شاره‌ده‌كه‌ن و بێپرینگانه‌وه‌ و به‌رپێگرتنێك هه‌رچی پێان خۆش بێت ده‌یكه‌ن و به‌سه‌ر خه‌ڵكی ده‌هێنن. دواكرده‌وه‌شیان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌بێ هۆ هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر ماڵی بنه‌ماڵه‌یه‌ك به‌ناوی یۆسفی و سه‌ره‌ڕای بێڕێزی زۆر درگاوپه‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌كه‌شیان شكاندوون و شتومه‌كی ناوماڵیشیان وه‌به‌ر داوه‌. بلاگی "مهاباد" هه‌واڵه‌كه‌ ئاوا ده‌گێڕێته‌وه‌:
"له چه‌ند شه‌وی ڕابردوو دا تاقمێ له‌ لاوانی مه‌نگوڕ هیرش ده‌به‌نه سه‌ر چه‌ند بنه‌ماڵه‌ی مه‌هابادی و ده‌یکه‌ن به لێدان و کوتان و ته‌نانه‌ت ژن و مناڵیش ناپارێزن و چه‌شنی هێرشی مه‌غۆله‌کان ماڵه‌کانیان ده‌ده‌نه به‌ر په‌لاماری به‌رد و شووشه و په‌نجه‌ران ناهێڵن. له‌و نێوه دا چه‌ند که‌س بریندار ده‌بن و ئه‌و هێرش کردنه چه‌ند جار  دووپات ده‌بێته‌وه، هۆی ئه‌و شه‌ڕ و کێشه هه‌ڵاییساندنه‌ش هیچ ده‌لیلیکی تایبه‌تی نییه‌و ده‌کرێ بڵێین هه‌ر له بیانوو ده‌گه‌ڕێن بۆوه‌ی ئاژاوه‌و پشێوی بخه‌نه‌ ناو شار و دیمه‌نی شار و کورده‌واری ناحه‌ز که‌ن و به جۆریک‌ نیشان ده‌ن که دژایه‌تیان له گه‌ڵ کورد و مه‌هابادی هه‌ر به‌رده‌وامه . هه‌ڵبه‌ت له ڕابڕدووش دا تا ئێستێ چه‌ندین جار ئه‌و جۆره کێشه‌و ئاژاوه‌یان له شوێنه جۆراوجۆره‌کانی شار دا به‌ڕێوه بردووه و ئه‌مه‌ شتێکی تازه نییه".
له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و ئاكاره‌ی به‌كرێگیراواندا خه‌ڵكی شاری مهاباد له‌ به‌رانبه‌ر لێنه‌پرسینه‌وه‌ی ڕژیم له‌و تاقمه‌ به‌كرێگیراوو ئاشكرایه‌، یه‌كگرتوانه‌ هه‌ڵوێست ده‌گرن و بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ تا ڕژیم له‌ سكاڵای خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتوو نه‌ پێچێته‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ له‌و چه‌كداره‌ كاسه‌لێس و موچه‌خۆرانه‌ نه‌كات واز له‌ مانگرتن ناهێنن و دوكان و بازاڕ ناكه‌نه‌وه‌. 
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خه‌ڵكی شاری مهاباد جێگای ده‌ستخۆشی‌یه‌ و بێگومان جه‌ماوه‌ری شاره‌كانی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش پێویسته‌ پشتگیری ئه‌و ناڕه‌زایه‌تی‌یه‌ی شاری مهاباد بكه‌ن. خه‌باتی جه‌ماوه‌ری یه‌كێك له‌ شێوه‌ كاریگه‌ره‌كانی خه‌باته‌ كه‌ خۆی له‌ مانگرتن و خۆپیشاندان و هێنانه‌ گۆڕی داخوازی به‌ شێوه‌ی هێمنانه‌ و ... ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌مه‌ شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر و شارستانیانه‌ی ده‌ربڕینی داخوازیه‌كان و به‌گژداچوونه‌وه‌ی ناڕه‌وایی و نادادپه‌روه‌رییه‌كانی ده‌سڵاتدارانه‌. دروست بوونی ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵوێست و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌ بۆ خۆی ئاماژه‌یه‌ به‌ ڕاده‌ی وشیاری جه‌ماوه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ لایه‌ك و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ به‌وه‌ی كه‌ چیدیكه‌ جه‌ماوه‌ر وه‌ك جاران به‌ ته‌مای كوڕه‌كان واته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ خۆ ناخاپێنن. بوونی خه‌باتی چه‌كداری له‌ لایه‌ك ده‌ستی ڕژیم ئاواڵه‌ده‌كات بۆ زه‌برو زه‌نگ و شه‌لم كوێرم كه‌س نابوێرم  و له‌ لایه‌كیش جه‌ماوه‌ر تووشی داهێزران ده‌بێ و هه‌رده‌م چاوه‌ڕوانی هاتنی شه‌و ده‌كه‌ن به‌ڵكوو پێشمه‌رگه‌ زه‌برێكی گورچك بڕ له‌ ڕژیم بوه‌شێنێ و ئۆخژنێكیان بێتێ. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ بارودۆخێكی وادا كه‌سانی لاوازو ناوشیار به‌ ئاسانی ده‌كه‌ونه‌ داوی ڕژیم و خۆیان به‌كرێده‌ده‌ن و له‌ دژی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌بنه‌ گیاكه‌ڵه. له‌ ساڵانی پێشوودا كه‌ خه‌باتی چه‌كداری به‌ خه‌ستی به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، زۆرتر كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی تۆڵه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بوون كه‌ له‌ لایه‌ن شۆڕشه‌وه‌ به‌ "باسكی به‌ هێزی گه‌ل" پێناسه ده‌كرا. ئه‌م چاوه‌ڕوانیه‌ به‌ جۆرێك بوو كه‌ خه‌باتی جه‌ماوه‌ری تا پله‌یه‌كی زۆر نزم هاتبوه‌ خوارێ و ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانیش زیاتر گرنگیان به‌ به‌ره‌نگاری چه‌كداری ده‌دا. هه‌ر ئه‌و دۆخه‌ش له‌ سه‌رانسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕه‌وه‌یه‌ك خۆ فرۆشی به‌ به‌رهه‌م هێنا كه‌ دواتر زۆریان ده‌ستیان به‌ خوێنی ڕۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان سوور بوو و گه‌لێكیشیان له‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌دا كوژران.  
پێبه‌پێی كزبوونی ئه‌م شێوه‌ خه‌باته‌ ڕژیمیش پێویستی به‌ كاسه‌لێس و خۆفرۆش كه‌متر ده‌بێته‌وه‌. به‌تایبه‌ت ئه‌و جۆره‌ خۆفرۆشانه‌ی كه‌ ته‌نیا بۆ شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌كه‌یان كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گیرا. جه‌ماوه‌ریش  وورده‌ورده‌ كه‌ له‌وه‌ دڵنیا ده‌بن كه‌ ته‌نیا به‌ هێزی خۆیان ده‌توانن ویسته‌كانی خۆیان وه‌دی بهێنن، له‌ كێشه‌كانی خۆی به‌خاوه‌ن ده‌رده‌كه‌وێ. له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا چه‌ندین بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن.  
دیاره‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكی وادا كه‌ بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و مافخواز په‌ره‌ده‌ستێنێ ڕژیم پێویستی به‌ سیخوڕ و كاسه‌لێسی جۆری شاراوه‌و نه‌هێنی ده‌بێ كه‌ گه‌ره‌كه‌ جه‌ماوه‌ر به‌ وشیاری ته‌واوه‌وه ‌ بزووتنه‌وه‌كانیان وه‌ڕێخه‌ن و به‌ڕێوه‌یان به‌رن.
ئه‌م بزوتنه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ی جه‌ماوه‌ری شاری مهاباد كه‌ له‌ دژی بێده‌نگی و پشتیوانی هێزه‌كان ڕژیم له‌و كۆمه‌ڵه‌ چه‌كداره كه‌ وه‌ك "مه‌‌نگوڕه‌كان" پێناسه‌یان ده‌كه‌ن‌ و ڕاگه‌یاندنی حزبه‌ سیاسیه‌كانیش به‌ "جاشه‌ مه‌نگوڕه‌كان" ده‌یان ناسێنن، به‌ڕێوه‌ چوه‌. دیاره‌ ئێستاش كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌نوسم وادیاره‌ به‌رده‌وامه‌. له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئاماژه‌ به‌ دوو خاڵ به‌ پێویست ده‌زانم: یه‌كه‌میان بێ ئاگایی حزبه‌ كوردستانیه‌كان له‌ ده‌نگوباسه‌كان و وه‌ك هه‌میشه‌ پاش ڕاگه‌یاندنه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ونه‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌و جێپه‌نجه‌یان یان هه‌ر نیه‌ یان ئه‌گه‌ریش هه‌بێت زۆر كه‌مه‌. دووهه‌م: ناوهێنانی تاقمێك به‌كرێگیراوی گوێ له‌مست به‌ مه‌نگوڕ ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوودا جێی پرسیار و تێڕامان نه‌بووبێ ئه‌وا ئه‌مڕۆ جێی لێوردبوونه‌وه‌و حه‌وجێ به‌ پێدا چوونه‌وه‌یه‌. ئایا هه‌موو مه‌نگوڕه‌كان به‌كرێگیراوو"جاشن". گه‌لۆ پاش نزیك به‌ 25 ساڵ كه‌ به‌ هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بێت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خۆیان به‌ ده‌مڕاستی ئه‌وانه‌ی ناویان عه‌شیره‌تی مه‌نگوره‌ ده‌زانی و كه‌وتنه‌ داوی ڕژیمی داگیركه‌ری كۆماری ئیسلامی و چه‌ندین ساڵ شه‌رێكی خوێناویان له‌ دژی گه‌له‌كه‌یان به‌ڕێوه‌برد، ناكر ئه‌مڕۆپه‌ژیوان بوبنه‌وه‌ و به‌خۆیاندا چووبنه‌وه‌. به‌واتایه‌كی دیكه‌ به‌ دوژمنی گه‌ل چاولێكردنی عه‌شیره‌تی مه‌نگوڕ نابێته‌ هۆی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م دوژمنایه‌تیه‌ بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوویان. ئایا مه‌نگوڕ ته‌نێ ئاغاوات و خان و به‌گله‌رن و ئه‌وانیش هه‌مووی پشتیان له‌ گه‌له‌كه‌یان كردوه‌. ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو هه‌وڵی ڕاگرتن و مانه‌وه‌ی ئه‌و دوژمنایه‌تیه‌ ده‌دات و به‌داخه‌وه‌ توانیویه‌تی ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌نجه‌كانی ئه‌و عه‌شیره‌ بخاته‌ داوی خۆی و تا ئێستاش به‌كاریان بهێنێ. به‌ڵام پێم وانیه‌ هه‌موو تاكه‌كانی ناو ئه‌م عه‌شیره‌ته‌ كه‌وتبنه‌ ئه‌و داوه‌وه‌ و هه‌مووشمان ده‌زانین عه‌شیره‌تی مه‌نگوڕ ته‌نێ له‌ مهاباد نین و ته‌نانه‌ت ته‌نێ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتیش نین. بێگومان ڕژیم گه‌لێك له‌وه‌ خۆشحاڵه‌ كه‌ ئه‌و دۆخه‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ درێژه‌ی هه‌بێ.
وای بۆ ده‌چم كه‌ چ هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و به‌ تایبه‌ت حزبی دیموكرات و چ ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ی كوردستان هه‌ست به‌ برپرسایه‌تی ده‌كه‌ن و درك به‌ ڕاستیه‌كان ده‌كه‌ن هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ بده‌ن. ئه‌گه‌رچی له‌ ناو كتێبه‌كانمدا زۆر گه‌ڕام كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك ببینمه‌وه‌ باسی سه‌ره‌تا و هۆی پاڵوه‌ ڕژیمدانی ئه‌و عه‌شیره‌ته‌م به‌‌باشی وه‌بیر بێته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی  ڕوون و دیار بزانم،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچی وام نه‌بینیه‌وه‌ و بۆ خۆشم له‌گۆتره‌ ناكرێ بێژم چۆن و به‌ چ هۆیه‌كه‌وه‌ بووه‌. به‌ڵام به‌ هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بێت، ناكرێ هه‌ر ئاوا بارودۆخه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت و ئه‌و منداڵه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ دایكده‌بێ بۆ بیست ساڵی دیكه‌ به‌ "جاش" و به‌كرێگیراوی ناو بنێین.
پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ریش نه‌كرێ ناوهێنانی ژماره‌یه‌ك به‌كرێگیراووگوێ له‌ مست به‌ مه‌نگوڕ و یان هه‌ر عه‌شیره‌یه‌كی دیكه‌ بێجێ‌یه‌ و به‌كرێگیراو به‌كرێگیراوه‌ و ئه‌وناوه‌ش پڕ به‌پێستیانه‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی چلكاوخۆری ڕژیمن و دژی نه‌ته‌وه‌كه‌یانن ده‌گرێته‌وه‌ و هیچ جیاوازییه‌كیشیان نیه‌. 
ئه‌گه‌ر له‌م بۆچوونه‌م دا هه‌ڵه‌م ڕاستمبكه‌ره‌وه‌ و پێم بێژه‌ بۆ. له‌ ئاست ڕاستیشدا ملم له‌ موو باریكتره‌.
 


0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home