كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Tuesday, April 04, 2006

ڕاگه‌یاندنی سایتی هه‌ڵوێست

حکوومه‌تی تورکییه‌ تێروریسته‌ نه‌ک گه‌لی کورد
ڕاگه‌یه‌ندراوی ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ریی سایتی هه‌ڵوێست

له‌سه‌ر ئاخێزه ‌جه‌ماوه‌ر‌یه‌کانی باکووری کوردستان

پاش کوژرانی 14 جه‌نگاوه‌ری پ ک ک له‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سپای تورکییه‌ و گواستنه‌وه‌ی ته‌رمه‌کانیان بۆ شاره‌کان به‌مه‌به‌ستی ترساندنی خه‌ڵک ، ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌‌ به‌دژی حکوومه‌تی تورکییه‌ هه‌ڵگه‌رایه‌وه‌. واتا مه‌رگی ئه‌و 14 که‌سه‌ نه‌ک هه‌ر نه‌بووه‌ هۆی ترسانی جه‌ماوه‌ر، به‌ڵکه‌ بووه‌ هێزو گوڕێکی جه‌ماوه‌ری که‌ توانی ئاخێزێکی گشتی و ده‌ورێکی نوێی خه‌باتێکی رووده‌ر رووی جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ سپای داگیرکه‌ر بێنێته‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتی باکووری کوردستانه‌وه‌. بۆیه‌ حکوومه‌ت له‌ ترسی ته‌شه‌نای حه‌ره‌که‌ته‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان له‌ ته‌حویلدانی ته‌رمی هێندێک له‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ به‌ که‌س و کاریان خۆی بوارد و هێزێکی زۆرتری رژانده‌ کوردستانه‌وه‌.

به‌ پێی راپورتی هه‌واڵده‌رییه‌کان و هه‌روه‌ها راپورتی ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌کانی تورکیه‌ تا رۆژی 12ی خاکه‌لیوه‌ له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌کانی باکووری کوردستاندا، لانی که‌م 7 که‌س کوژراون، 350 که‌س بریندار و سه‌دان که‌سیش ده‌ستگیر کراون. له‌ شاره‌کانی ئامێد(دیاربه‌کر) و باتمان پاش چه‌ند رۆژ تێکهه‌ڵ چوونی قورس له‌ نێوان کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک(به‌ زۆری کچان و کوڕانی لاو)و هێزه‌چه‌کداره‌کانی حکوومه‌ت ،سه‌ره‌نجام حکومه‌تی نیزامی ڕاگه‌یه‌نراوه‌ و له‌ هات و چوی خه‌ڵکی شاره‌کانی دیکه‌ بو ئه‌م 2 شاره پیشگیری ده‌کریت. ئه‌م خوپیشاندانانه‌ هه‌روه‌ک باسکرا، له‌ روژی سێ‌شه‌ممه‌ و له‌ کاتی ئه‌سپه‌رده‌ کردنی ته‌رمی ژماره‌یه‌ک له‌و 14جه‌نگاوه‌ره‌ی "پ ک ک" له‌ شاری ئامێده‌وه‌ ده‌ستی پیکرد و له‌ درێژی خۆیدا، زۆر شار و شارۆچکه‌‌کانی باکووری کوردستانی گرته‌وه‌.

دیاره‌ کۆبوونه‌وه‌ ئیعترازییه‌کان هه‌ر له‌ کوردستان قه‌تیس نه‌مایه‌وه‌ و هه‌تا ئیستانبوول و ئانکارا و شاره‌کانی دیکه‌ی تورکییه‌ ته‌شه‌نای سه‌ند. ئه‌وه‌بوو‌ به‌مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌ ئاخێزه‌کانی باکووری کوردستان هاونیشتمانانی کوردمان له‌ ستانبول، ئانکارا و وان و زۆر شاری دیکه‌ به‌ شیوه‌ی هاوکات ڕژانه‌ سه‌ر جاده‌ و شه‌قامه‌کان و ئیعترازی خۆیان نیشاندا. که‌له‌م شارانه‌ش ژماره‌یه‌کی نادیار کچ و کوری لاو گیراون.

له‌ سه‌ر ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌ جه‌ماوه‌رییه‌، روژی هه‌ینی سه‌روک وه‌زیری تورکیه‌ "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان" رایگه‌یاند که‌ هێزه‌کانی تورکییه‌ ئیجازه‌یان هه‌یه‌ ته‌قه‌ له‌و که‌سانه‌ بکه‌ن که‌ به‌ قسه‌ی ئه‌و بوونه‌ته‌ داوده‌ستی "تیرۆریزم" وجاریکی دیکه‌ ئاماژه‌ی داوه‌ که‌ خوپیشانده‌ران به‌توندی سزا ده‌درین. چونکه‌ ئه‌وان تیروریستن ! پاشان ئه‌ردوغان ده‌فه‌رمێ: "ده‌مه‌ویت بزانن ئیمه‌ ولاتی خومان به‌ پێی ئه‌م ئه‌ساسه‌ به‌ریوه‌ ده‌به‌ین و ئیجازه‌ ناده‌ینه‌ هیچ که‌سیک ئه‌م به‌شه‌ی ولاته‌که‌مان بکاته‌ جیگه‌یه‌ک بو به‌ریوه‌ بردنی عه‌مه‌لیات له‌ دژی تورکیه‌."
هاوکات ده‌وله‌تی تورکیه‌ ڕایگه‌یاند که‌ بریک له‌ یاساکانی خه‌بات له‌ گه‌ل تیروریسم له‌وانه‌ یاسای تایبه‌ت به‌ ده‌ستگیر کردنی خوپیشانده‌ران و به‌رانبه‌رکی له‌ گه‌ل نا ئارامیه‌کانی چڕ تر کردوه‌ته‌وه‌.که‌ ئه‌مه‌ش بێگومان ته‌نیا به‌دژی مافخوازیی گه‌لی کورد به‌کار ده‌هێنرێت.

بێگومان هه‌موو ئه‌و قسانه‌ که‌ پڕن له‌ درۆ و بوختانی دوور له‌ پره‌نسیپ و ئه‌خلاق، نیشانه‌ی ترسی ده‌سه‌ڵاتدارانی که‌مالیستی تورکه‌ که‌ له‌ زمانی ئه‌ردۆغانه‌وه‌ دێنه‌ ده‌ر. ترسێک که‌ ئه‌وه‌ چه‌ند رۆژه‌ سه‌رتاپای حکوومه‌تی تورکییه‌ی وه‌خۆ گرتووه‌ و نو‌ێنگه‌ی دیاری دوتوانین له‌ ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌(فه‌رمی و نافه‌رمی)‌کانی ئه‌م وڵاته‌دا ببینین.

ئاشکرایه‌ که‌ فام کردنی ئه‌م ترسه که‌ به‌ درۆی دوور له‌ ئه‌خلاق په‌رده‌ی به‌سه‌ردا کێشراوه‌‌ زۆر گران نییه‌. حکوومه‌تی تورکییه‌ تا ئیسته‌شی له‌گه‌ڵ بێ بۆ به‌ربه‌ره‌کانێی هێزه‌ سیاسییه‌کان و هێزی چه‌کداریان،ئه‌و پاساوه‌ی هه‌یه‌ که‌ ئامریکا و ئورووپا ئه‌م تێکۆشه‌رانه‌ به‌ تیروریست ده‌ناسن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی کردووه‌ته‌ بیانوو که‌ حیسابی جه‌ماوه‌ری خه‌لکی باکووری کوردستان و ئه‌م که‌سانه‌ لێک جیاوازن . هه‌ر به‌و پێێه‌ش خۆی له‌ رێگا چاره‌ی کێشه‌ی کورد (به‌ بیانووی جۆربه‌جۆره‌وه‌) پاراستووه‌.به‌ڵام ئێسته‌ ده‌بینی که‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک هاو سۆزیی خۆیان بۆ گیانبه‌خت کردووه‌ی نیشتمانه‌که‌یان(وه‌ک له‌هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان باوه‌) به‌و شێوه‌ به‌ ئاگاداریی هه‌موو جیهان ده‌گه‌یه‌نن،ناچاره‌ ئه‌مجاره‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ تیروریست و تێکده‌ر له‌قه‌ڵه‌م بدات. چوونکه‌ که‌مالیزم باش ده‌زانێ که‌ ئه‌م گه‌له‌ و پرسه‌که‌ی، گه‌وره‌ترین کۆسپه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ئاواته‌ له‌مێژینه‌که‌یان واتا به‌ "ئورووپایی" بوون. هه‌ر ئه‌م پرسه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ تورکییه‌ی له‌ پشت ده‌رکه‌ی "کۆمه‌ڵگه‌ی ئورووپا"وه‌ ده‌سته‌و دۆعا راگرتووه‌ و به‌م زووانه‌ش ئه‌و ده‌رکه‌ی لێ‌ناکرێته‌وه‌.

حکوومه‌تی تورکییه‌ گه‌رچی هه‌موو کاتێک به‌ناوی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تیروریسم،خۆی له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد پاراستووه‌ و رۆژ ئاواش هاوده‌ردیان له‌گه‌ڵ کردووه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌وکاته‌شدا پرسی کورد( به‌ بێ چاولێکردنی ئه‌وه‌ که‌ چ پارت و حیزبێکی سیاسی تێدا چالاکه‌)ئیمرۆ له‌ ئاستێکدایه‌ که‌ رۆژئاواش ده‌زانێ به‌بێ چاره‌ سه‌رکردنی ،سه‌قامگیریی له‌ ناوچه‌ ده‌سته‌به‌ر نابێ و ئه‌مه‌ له‌ قازانجی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌واندا نییه‌. هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ که‌ داوایان له‌ تورکییه‌ کردووه‌‌ که‌ پێش چوونه‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئورووپاوه‌ ده‌بێ کێشه‌ی"فه‌رهه‌نگیی" کورد چاره‌سه‌ر بکات. به‌ڵام که‌مالێزم گه‌رچی ڕاستیه‌کانی کۆمه‌ڵ سه‌ری وه‌به‌رد کوتاوه‌ و زۆر واقعییه‌ت و له‌وانه‌ بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ ناوی کوردی پێ سه‌لماندووه‌، که‌چی ئه‌وه‌نده‌ له‌ شۆڤینیزمدا چه‌قیوه‌ که‌ به‌م حاڵه‌ حاڵه‌ توانای فام کردنی ئه‌و ڕاستییه‌‌ی نییه‌ که‌ چواندنی گه‌ڵیک به‌ تیروریست و کردنه‌ بیانووی بۆ کوشتاری رۆله‌کانی گه‌له‌که‌مان ،ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ کێشه‌کان قووڵتر ده‌کاته‌وه‌ و هه‌ر به‌و ئه‌ندازه‌شه‌ شانسی گه‌یشتن به‌ ئاواته‌کانی که‌مالیزم(ئورووپایی بوونی تورکییه‌)نه‌گونجاوتر و دوورتر ده‌بێته‌وه‌.
حکوومه‌تی تورکییه‌ ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌رک بکات که‌ ره‌نگه‌ بتوانێ له‌گه‌ڵ پارتێک یا چه‌ند پارتی سیاسی به‌ربه‌ره‌کانێ بکات و ته‌نانه‌ت به‌سه‌یاندا زاڵ بێت. به‌ڵام ناتوانێ له‌ به‌رانبه‌ر ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کدا بوه‌ستێ. حکوومه‌تی تورکییه‌ له‌مباره‌وه‌ به‌ختی خۆی تاقی کردووه‌ته‌وه‌ و شکستی هێناوه‌. ئه‌وه‌نه‌بوو نیزیک به‌ سه‌ده‌یه‌ک بوونی کوردی ئینکار ده‌کرد و به‌ تورکی "شاخستانیی" ناو ده‌بردن. ئیسته‌چی؟ مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و "شاخستانیانه" نه‌بوون وه‌ک نه‌ته‌‌وه‌یه‌ک خۆیان به‌سه‌ر که‌ماڵیزمدا سه‌پاند؟ مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وان نه‌بوون "نه‌ورۆز"یان وه‌ک ڕه‌مزی نه‌ته‌وه‌یی (به‌ خه‌بات و قوربانی) برده‌ نێو رۆژمێری مێژووی تورکییه‌وه‌؟ بێگومان ئه‌م گه‌له‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ به‌رواڵه‌ت توند و له‌ ناوه‌ۆکدا ترسنۆکانه‌ش که‌ ئه‌روغان ده‌ریبڕین، ده‌شکێنێ.

هه‌ر لێره‌ش دا ئیشاره‌ به‌ خاڵێک به‌ گرینگ‌ ده‌ز‌انین. که‌ ئه‌ویش سه‌رهه‌ڵدانی ناوبه‌ناوی هێندێک ده‌سته‌ و تاقمه‌‌ که‌ کرداری ناشارستانی و دوور له‌ پره‌نسیپی ئاشتیخوازانه‌ و ئینسانیی پرسی ره‌وای گه‌له‌که‌مان ئه‌نجام ده‌ده‌ن . ئه‌م تاقمانه‌‌ که‌ ناسراو نین و تا راده‌یه‌ک جێ گۆمانن، هه‌ڵده‌ستن به‌ کرداری تیروریستیی و دانانی بومب له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کاندا. له‌م پێوه‌ندییه‌دا تاقمێک به‌ناوی "شاهینه‌کانی کوردستان" به‌رپرسایه‌تیی ته‌قاندنه‌وی بومبێکیان له‌ وێستگه‌یه‌کی ئوتوبووس له‌ ئیستانبوول وه‌ئه‌ستۆ گردووه‌ که‌ بووه‌ته‌ هۆی مه‌رگی که‌سێک و بریندار بوونی چه‌ند که‌س( ده‌نگوباسی بی بی سی)

ئه‌م کرداره‌ له‌ لایه‌ن هه‌ر که‌سێکه‌وه‌ بێ مه‌حکوومه‌. بێگومان کارێکی ئه‌وتۆ، واتا کێشانی بزووتنه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی تورک و کاری تێروریستی، شیاوی بزووتنه‌وه‌ی ره‌وای گه‌لی کورد نییه‌.گه‌لێک که‌ خۆی هه‌مووکات قوربانیی تیروریسمی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرگه‌ره‌کان بووه‌. هه‌ر حیزبێکی کوردی له‌ پشتی ئه‌م شێوه‌ کردارانه‌وه‌بێ . بێگومان ده‌بێ له‌ نیازپاکیی گومان بکرێ.دیاره‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌تییه‌کانی حکوومه‌ت ئه‌وکارانه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌دناوکردنی خه‌باتی ره‌وای گه‌له‌که‌مان ئه‌نجام بده‌ن. یا ئه‌وه‌ی هیندێک لاوی تووڕه‌‌ به‌و شێوه‌ هه‌نگاوانه‌‌ هه‌ستن . بۆیه‌ ده‌بێ هه‌ر لایه‌ن، حیزب و ده‌سته‌یه‌ک که‌ به‌شێوه‌یه‌ک به‌شداری خه‌باتی ئه‌م به‌شه‌ی وڵاته‌که‌مانه‌ وێرای مه‌حکووم‌کردنی ئه‌م شێوه‌ هه‌نگاوانه‌، هه‌ڵوێستی ڕاسته‌وخو بگرن و پێش به‌ ئیمکانی که‌ڵک وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ئه‌م کرده‌وه‌ نا سه‌رده‌میانه‌،به‌ دژی ره‌وابوونی خه‌بات و خواستی گه‌له‌که‌مان بگرن.

سه‌رکه‌وی خه‌باتی گه‌لی کوردمان له‌ باکوور

بژی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریی نیشتمانیی کوردستان بۆ گه‌یشتن به‌ مافی دیاریکردنی چاره‌نووس

ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ریی هه‌ڵوێست
12ی خاکه‌لێوه‌ی 2706

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home