كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Saturday, July 23, 2005

وریای پیلانی دوژمنانی بزووتنه‌وه‌ی هه‌قخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان بین

وریای پیلانی دوژمنانی بزووتنه‌وه‌ی هه‌قخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان بین

سه‌رهه‌ڵدانی شۆرش له‌ پێوه‌ندیه‌کان و هاتنه‌ ئارای "ئینتێرنێت"، سه‌ره‌ڕای ئاسانکاری و ئیمکانێکی باش بۆ پێوه‌ندی و پێشبردنی ئه‌رکی بڵاوکردنه‌وه‌ و لێکنزیک کردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان ، لایه‌نی "نێگاتیڤ" و ناپه‌سه‌ندی‌یشی هه‌یه‌ . که‌ بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ جار وبار تووشی ده‌بین و ئه‌گه‌ر به‌ وریاییه‌وه‌ هه‌ڵس و که‌وتی له‌گه‌ڵ نه‌که‌ین ،له‌باتی خزمه‌ت به‌ پێشچوونی خه‌بات و تێکۆشانی گه‌له‌که‌مان ، زیانمان پێگه‌یاندووه‌ .

ماوه‌یه‌که‌ به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام و له‌ هه‌ر رووداوێکدا، ژماره‌یه‌ک "نووسه‌ر"ی بێ‌ناو ونیشان وه‌ک گارگ له‌ ئینتێرنێت و نامه‌ی ئێله‌کترونی سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و هه‌ڵوێستی "ره‌خنه‌"گرانه‌ی خۆیان سه‌باره‌ت به‌و رووداوه‌ ده‌رده‌بڕن؛ یا بابه‌تێکی پێوه‌ندیدار له‌و باره‌وه‌ ده‌نووسن . تا ئێستا له‌م باره‌وه‌ له‌ بۆنه‌ و رووداوه‌کاندا چه‌ند و چه‌ندین په‌یام و بابه‌ت به‌ ئێمه ‌(سایتی هه‌ڵوێست) گه‌یشتووه‌ . کاتێک بابه‌ت و مه‌یله‌کانمان خوێندوه‌ته‌وه‌ ، ‌شێوه‌ی ئه‌ده‌بیات و چۆنییه‌تی هه‌ڵس‌و که‌وتی نیزیک به‌ ته‌واویان له‌یه‌ک بواردا‌ بوون . که‌ ئه‌ویش شێواندنی سیمای هه‌قخوازانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کورد و که‌سایه‌تییه‌کانی، و په‌ره‌دانی دووبه‌ره‌کی و نێوان ناخۆشی هه‌موو هێزه‌کوردیه‌کان به‌ بێ جیاوازی بووه‌ . له‌ هێندێکیان لایه‌نگری له‌ لا‌یه‌نێک‌کراوه‌ و لایه‌نێکی دیکه‌ی پێ‌کوتراوه‌ . له‌هێندێکی دیکه‌ به‌ ناوی ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌ گرتن ، هه‌موو بنه‌ماکانی هه‌ڵس‌وکه‌وتی موته‌مه‌دینانه‌ پێ‌شێل کراوه‌ و له‌ ژێر په‌رده‌ی هێرش بۆ سه‌ر که‌سایه‌تی یا هێزێکی سیاسی، ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ و له‌ راستیدا بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی کوردیان له‌ "قوڕاو" هه‌ڵکێشاوه‌. هه‌ر له‌م ماوه‌دا چه‌ندین نووسراوه‌یان به‌ مه‌به‌ستی شڵه‌ژاندنی ره‌وتی ئێستای پارت و یه‌کێتی له‌ ماڵپه‌ڕه‌جۆربه‌جۆره‌کاندا بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ .

هێندێک جاریش به‌ناوی ناردنی هه‌واڵ و ده‌نگ‌و باس وبابه‌تی "سیاسی" له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون "خه‌ت" و رێبازمان پێ بده‌ن و به‌شووێن ئامانجه‌ کانی خۆیاندا بمانکێشن!!! دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ نابێ له‌ که‌س و رێکخراوه‌کان ره‌خنه‌ نه‌گیرێت . هه‌ڵوێست بۆ خۆی سایت‌ێکی ره‌خنه‌ گره‌ . به‌ڵام وه‌ک هه‌مووان ده‌زانن له‌ نێوان ره‌خنه‌ و بێ‌حورمه‌تی و چه‌واشه‌کاریدا جیاوازی هه‌یه‌ و ئێمه‌ تا ئێستا نه‌مان هێشتووه‌ ئه‌و سنوورانه‌ تێکه‌ڵ بن و بێگومان له‌ داهاتووشدا ،وێڕای درێژه‌دانی رێبازی ره‌خنه‌ی داهێنه‌ر ، داکۆکی کاری پاراستنی حورمه‌تی که‌سایه‌تی و ئینسانی ده‌بین.

ئه‌وه‌نده‌ی تا ئێستا بۆ ئێمه‌ روون بووه‌ته‌وه‌ ئه‌م کاره‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌که‌وه‌ هیدایه‌ت ده‌کرێ . تا ئێستا ئێمه‌ شکمان بۆ ناوه‌نده‌کانی ئیتڵاعاتی و موخابراتی حکوومه‌تی ئێران ده‌چێ . ئه‌وه‌ی ئه‌و شک و گومانه‌ی ئێمه‌ به‌هێز ده‌کات ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ هێندێک له‌ نووسراوه‌کاندا ، هه‌ست ده‌کرێت که‌ وه‌رگێڕدراون . واتا ده‌قه‌که‌ زۆرتر وه‌ک وه‌رگێڕدراو ده‌چێ تا ده‌قێکی کوردی. که‌ نیشانده‌دات "نووسه‌ڕ" ته‌نیا نییه‌ و کۆڕێک و ناوه‌ندێک به‌ ئامانجی دیاریکراوه‌وه‌ خریکی ئه‌م کاره‌ . له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا له‌م پێوهندیه‌دا ته‌نیا حکوومه‌تی ئێرانه‌ که‌ گومانی دچێته‌ سره‌ .چوونکه‌ ئێراق هێشتا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی دامه‌رزاو نییه‌ ، سووریه‌ و تورکییه‌ هێشتا سنووری تێکۆشانی خۆیان نه‌گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌م به‌شه‌ و ئه‌م بواره‌.ده‌مێنێته‌وه‌ ئێران ' که‌ له‌مباره‌وه‌ خاوه‌ن مێژوو و ڕابردوویه‌کی پڕ له‌ پیلان و تاوانه‌ .
‌هه‌رکات مایل یا نووسرواوی ئه‌وتۆمان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ ، "نووسه‌ر"ه‌که‌یمان ئاگادار کردووه‌ته‌وه‌ ، که‌ بۆچی به‌ ناوی ئاشکراوه‌ پێوه‌ندی ناگرێت ، خۆ ئێمه‌ نه‌ حکوومه‌تین و نه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێکمان هه‌یه‌ که‌ لێمان بترسن . به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێکمان له‌ لایه‌ن هیچیانه‌وه‌ پێ نه‌گه‌یشتووه‌ . سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م شێوه‌ " نووسه‌رانه‌ " هه‌میشه‌ یه‌ک یا دوو وتار زۆرتر نانووسن و ئیدی ناویان ده‌چێ به‌ عه‌رزدا و نامێنێ . کاتێکیش هه‌وڵ ده‌ده‌ین سه‌رچاوه‌ی مایله‌که‌یان ببینینه‌وه‌ ، هێند شاره‌زایانه‌ هه‌ڵس و که‌وت ده‌که‌ن که‌ ته‌نیاله‌ که‌سانێک که‌ کاری موخابراتی و ئه‌منییه‌تیده‌که‌ن ده‌وه‌شێته‌وه‌‌ . ئادره‌سی مایله‌که‌یان ناوێکی هه‌یه‌ . ئادره‌سه‌که‌ به‌ ناوێکی دیکه‌وه‌ سه‌بت کراوه‌ و نامه‌ و وتاره‌کان به‌ ناوێکی دیکه‌ ئیمزا ده‌کرێن. به‌ر حاڵ ئێمه‌ تا ئیستا به‌ وه‌ردبینییه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م شێوه‌ "نووسه‌ر"انه‌ هه‌ڵس و که‌وتمان کردووه‌ و ته‌نانه‌ت تاکه‌ وتار یا‌ په‌یام و نووسراوه‌یه‌کمان لییان بڵاو نه‌کردووه‌ته‌وه‌ .

جێ داخ ئه‌وه‌یه‌ که‌ تا ئێستا له‌ چه‌ندین مه‌ورید دا دیتوومانه‌ که‌ پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م"نووسه‌ر"انه‌ وه‌ڵامی خۆیان وه‌رگرتووه‌ و پێمان ڕاگه‌یاندوون بابه‌ته‌کانیان شیاوی بڵاو کردنه‌وه‌ نین ، پاش چه‌ند رۆژ هه‌مان بابه‌ت له‌ هێندێک سایتی دیکه‌ دا بڵاو کراونه‌ته‌وه‌ . بۆیه‌ به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمان زانی، تێنینی و بۆچوونی خۆمان له‌ مه‌ڕ ئه‌م شێوه‌ نووسینانه‌ به‌ ئاگاداریی سایته‌ کوردیه‌کان و هه‌روه‌ها تێکڕای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بگه‌یه‌نین . هه‌رلێره‌شدا داوا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی هه‌موو سایته‌ کوردیه‌کان ده‌که‌ین ،به‌ وردبینیه‌وه‌ بابه‌ت و نووسراوه‌ی که‌سانی نه‌ناسراو بڵاو که‌نه‌وه‌ تا پێش به‌ دزه‌کردنی فیکر و رێبازی دوژمنانی داگیر که‌ر بگیردرێت . که‌ به‌ناوی خوازراوی کوردیه‌وه‌، له‌ هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی دوودڵی و درڕدۆنگی له‌ ئاست تێکۆشه‌رانی سه‌ربه‌خۆ ، که‌سایه‌تییه‌کان و هێزه‌سیاسییه‌کان و هه‌روه‌ها شێواندنی هه‌قانییه‌تی بزووتنه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانیی نه‌ته‌وه‌که‌مانن .

به‌رێوه‌به‌ریی هه‌ڵوێست

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home