كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Saturday, June 18, 2005

په‌یڤێک به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

په‌یڤێک به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی ڕابردوو له‌ باشوری کوردستان ڕوداوێکی گرنگی مێژوویی ڕویدا. پارلمانی کوردستان به‌ کۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی، وه‌کوو یه‌که‌مین سه‌رۆکی هه‌رێمی باشوری کوردستان ده‌ست نیشانکردو ڕۆژی 24ی جۆزه‌ردان به‌رامبه‌ر 14ی جوون له‌ ڕێوڕه‌سمێکی شیاوو گه‌وره‌دا له‌ هۆڵی پارلمانی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد. ئه‌م ڕوداوه‌ بێگومان به‌ره‌نجامی ڕێککه‌وتن و سازانی هه‌ردوو هێزی سه‌ره‌کی ئه‌مڕۆی باشوری کوردستان سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی ده‌سکه‌وت و ده‌سه‌ڵاته‌کان بوو له‌ ئێراقی پاش ڕوخانی سه‌ددام و پاش هه‌ڵبژاردنی مانگی ڕێبه‌ندانی 2704دا. به‌ پێی ڕێکه‌وتنه‌که‌ به‌ڕێز تاڵه‌بانی له‌ ئێراکدا پشکه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌رده‌که‌وێت که‌ له‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی شالیاره‌تی یان سه‌رۆکی کۆماری ئیراک، یه‌کیان ده‌بوو به‌رکورد بکه‌وێت. له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌ڕێز بارزانی ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌می کوردستانی پێده‌بڕا که‌ ئه‌ویش ‌ خۆی له‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستاندا ده‌بینێته‌وه‌.

پاش ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئیراکدا لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی وه‌ده‌ست هێنا، زیاترسه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستانی موکور کرد له‌ پێناوی به‌ده‌ستخستنی یه‌کێک له‌و دو پله‌ گه‌وره‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی پێداگری بکه‌ن. ئه‌وه‌ بوو به‌ڕێز تاڵه‌بانی به‌ سه‌رۆکی کۆماری ئێراک هه‌ڵبژێردراو ئه‌مه‌ش بێگومان هه‌م ڕوداوێکی مێژوویی بوو که‌ کوردێکی خه‌باتگێڕو پێشمه‌رگه‌یه‌کی سه‌ردمی خه‌باتی شاخ له‌ وه‌ڵاتێکدا ببێته‌ سه‌رکۆمار که‌ پێشتر ته‌نانه‌ت له‌ هاووڵاتی ئه‌و وڵاته‌ش بێبه‌ری کرابوو، هه‌میش ده‌سکه‌وتێکی گه‌وربوو به‌ ئاقاری بردنه‌پێش و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ مێژووییه‌کان و جێگیرکردنی ویستو داخوازه‌ ره‌واکانی نه‌ته‌وه‌که‌مان، له‌ ناو ده‌ستوری ئێراقدا که‌ ده‌گوترێ له‌ سه‌ر بنه‌مای یه‌کیه‌تی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بنیات ده‌نرێته‌وه‌. وه‌ک ئاکامێکی سروشتی ئه‌و ڕوداوه،‌ گه‌له‌که‌مان له‌ کوردستانی ئازادو به‌شه‌ داگیرکراوه‌کانی کوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش کردیانه شایی و خۆشی و پیرۆزباییان له‌ یه‌کدی کرد.

پاش مانگێک له‌و ڕوداوه‌ گرنگه‌، سه‌ره‌ڕای ناکۆکی له‌ شێوه‌و چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردن و ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆیشتووی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی باشوری کوردستان، سه‌ره‌نجام ئه‌و دو پارته‌ سه‌ره‌کیه‌ گه‌یشتنه‌ ڕێککه‌وتن و ئاکامه‌که‌شی ئه‌وه‌بوو که‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 22ی جۆزه‌ردان 2705 به‌رامبه‌ر 12ی جونی 2005 له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌ پارلمانی کوردستان، به‌ کۆی ده‌نگ به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی باشوری کوردستان ده‌ست نیشانکرا و دوو ڕوژ دواتر له‌ هه‌مان هۆڵی پارلمان و به‌به‌شداری ژماره‌یه‌کی زۆر سیاسه‌تڤان و که‌سایه‌تی دۆستی کوردو سه‌رۆک و جێگره‌کانی کۆماری ئیراق و سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی ئێراق و دوجێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ و نوێنه‌رایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵێک ئه‌مباسی و کۆنسولیه‌ی وڵاتانی جیهان و له‌وانه‌ش ئه‌مریکا و بریتانیاو گه‌لێک سیاسه‌تڤان و که‌سایه‌تی کوردستانی، سوێندی یاسایی خوارد.

به‌بڵاو بوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ئه‌و ڕوداوه‌ مێژووییه‌ کوردستانیه‌کان له‌ کوردستان و له‌ هه‌موو قوژبنێکی جیهان شاییان له‌ دڵگه‌ڕاو له‌ هه‌ر ڕێیه‌که‌وه‌ بۆیان لوابێت شایی و خۆشیان ده‌ربڕیوه‌و تا ئێستاش ئه‌م ئاهه‌نگانه‌ به‌رده‌وامن و پێیده‌چێ تا چه‌ند ڕۆژی دیکه‌ش گۆڤه‌ند و زه‌ماوه‌ندی شایی و سه‌رکه‌وتن به‌رده‌وام بێت.

ئه‌م ڕوداوه له‌ زۆر لایه‌ن و به‌ستێنه‌وه‌ جێگای لێوردبوونه‌وه‌و حه‌وجێ به‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌و له‌ په‌یڤێکی کورتدا ناکرێ لایه‌ن و ڕه‌هه‌نده‌ فره‌کانی ئه‌م ڕوداوه‌ بێنه‌ ئه‌ژمار.

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌و کوردستانه‌ی زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌که‌ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئاسه‌وارێکی ژیاری و مێژوویی ده‌درێت و به‌ دڵره‌قانه‌ترین شێوه‌ و ئامراز ده‌خوازرا نه‌ته‌وه‌که‌ی بتوێنرێته‌وه‌ و به هیتر بکرێت، له‌‌ هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆداو له‌ به‌رده‌م و چاوی ئه‌و که‌سانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی وڵاتگه‌لێکیان ده‌کرد که‌ بۆخۆیان له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و پڕۆسه‌ نامرۆڤانه‌یه‌وه‌ بوون، ناکرێ ڕوداوێکی گرنگ و فره‌ ڕه‌هه‌ند و جێ لێوردبوونه‌وه‌ نه‌بێت. هه‌ڵبژاردنێک که‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ یاسایه‌کی دیانپێنراوو سه‌لمێنراو له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئیراک و وڵاتانی ڕوخێنه‌ری سه‌دام و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کانه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێ. که‌واته‌ ئه‌م ڕوداوه‌ بایه‌خ و گرنگیه‌کی بێڕاده‌ی هه‌یه‌و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ و گه‌لێک تایبه‌ت مه‌ندیی دیکه‌ ئه‌م ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنه‌ له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابردوو به‌گشتی و له‌ ڕوداوه‌کانی وێکچوی وه‌ک خۆی، وه‌ک ڕاگه‌یاندنی حکومه‌تی مه‌لیکی له‌ لایه‌ن شێخ مه‌حمود حه‌فید و ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان له‌ لایه‌ن پێشه‌وا قازی مه‌حمه‌ده‌وه‌، جیاده‌کاته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌شه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ڕوداوێکه‌ که‌ کۆتایی سه‌رده‌مێک ڕاده‌گه‌ینێ و سه‌ره‌تای قۆناخ و سه‌رده‌مێکی نوێ له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ. به‌ واتایاکی دیکه‌ ئه‌م ڕوداوه‌ وه‌رچه‌رخانێکی هێنده‌ گرنگه‌ که‌ چاره‌نوس و به‌ختی کورد به‌ره‌و ئاقارێک ده‌بات که‌ خه‌ون و هیواکانی سه‌دان ساڵه‌ی تێدا ده‌نه‌خشێ. له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ شێوه‌‌ی ڕوداوه‌که‌و چۆنیه‌تی دروست بوون و پڕۆسه‌ی جێبه‌جێکردنه‌که‌ی ئه‌وه‌مان به‌ گوێدا ده‌چرپێنی که‌ نه‌ک جارێکی دیکه‌ کوردان بۆ دۆخی پێش ئه‌و ڕوداوه‌ گۆڕێنه‌ره‌ ناگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵکوو پێیده‌چێ که‌ گه‌له‌که‌مان هه‌نگاوێکی کورت به‌ڵام به‌هێزو کاریگه‌ری له‌ پێش مابێ تا‌ بگاته‌ لوتکه‌ی خه‌ون و هیواکانی، که‌ خۆی له‌ دروستکردنه‌وه‌ی کۆماری کوردستاندا ده‌بینێته‌وه‌‌.

له‌و کاته‌وه‌ هزری نه‌ته‌وه‌یی له‌ ناو مێشکی کورداندا گه‌رای به‌ستوه‌، خولیای دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ڕزگاری گشت کوردستان له‌ بن ده‌ستی داگیرکه‌ران بووه‌و ئه‌م حه‌زوو خولیایه‌شی نه‌شاردۆته‌وه‌. شۆڕشو بزوتنه‌وه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ کۆنه‌وه‌ له‌م پێناوه‌دا ده‌ستیان پێکردوه‌و سه‌ره‌ڕای ده‌یان جار تێکشکان و داپڵۆسین و پیلانگێڕان، به‌ڵام له‌ که‌مترین ده‌رفه‌تدا گه‌ل خۆی سازداوه‌ته‌وه‌و دیسان به‌گژ زۆرداری و داگیرکاریدا چۆته‌وه‌. له‌م پێناوه‌دا به‌درێژایی ئه‌و کاروانه‌، ڕۆباری خوێن و قوربانیدان ئاشی ئه‌م شۆڕشانه‌ی گێڕاوه‌و سه‌دان و هه‌زاران ڕۆڵه‌‌ی جه‌ربه‌زه‌و دلێرو تێکۆشه‌ر گیانیان به‌خشیوه‌. هه‌ر بۆیه‌ گه‌ر بێژم ئه‌م سه‌رکه‌وتن وده‌سکه‌وتانه‌ی تا ئێستا وه‌ده‌ست هاتوون به‌رهه‌می خه‌بات وبه‌رخۆدان و قوربانیدانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ن، شتێکی ڕاستو بێخه‌شم گوتوه‌و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ بۆ هه‌ر سه‌رکه‌وتن و ده‌سکه‌وتێک، کوردێک له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی باشوری کوردستان و کوردێکی ئامه‌دو عه‌فرین و سه‌نه‌ندژ یان په‌ڕیوه‌یه‌کی دوره‌وه‌ڵات و تاراوگه‌نشین، یانیش کوردێکی خۆراسان و گورجستان وه‌ک یه‌ک شادن و پێکه‌وه‌ ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتن و سه‌رفرازی ده‌گێڕن. بێگومان له‌ کاتی ناخۆشی و کاره‌ساته‌کانیشدا هه‌روایه‌و کاره‌ساتێک له‌ هه‌ر شوێنێک ڕویدا بێت کوردان له‌ هه‌موو شوێنێک دڵگران و په‌شۆکاون و هاوخه‌م بوون.

ئێستا که‌ گه‌له‌که‌مان مه‌ست و سه‌رخۆشی ئه‌و ده‌سکه‌وت و سه‌که‌وتنه‌ گرنگه‌یه‌، به‌جێیه‌ وه‌بیر بهێندرێته‌وه‌ که‌ هیچکام له‌و ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنانه نه‌ده‌هاتنه‌ دی گه‌ر یه‌کیه‌تی و هاوخه‌باتی ژیرانه‌ نه‌بایه‌، گه‌ر په‌رۆشی بۆ گه‌ل و پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کان نه‌بایه‌. سه‌رکه‌وتن و ده‌سکه‌وتی له‌و جۆره‌ نه‌ ده‌سکه‌وتی تاکێکه‌و نه‌ به‌ پارتێکی تایبه‌ت ده‌هاته‌ دی. ئه‌وه‌ی وه‌سده‌ست هاتوه‌ مێژوییه‌ک خه‌باتوو قوربانیدانی له‌ پشته‌وه‌یه‌. هه‌ربۆیه‌ گه‌لێک گرنگه‌ که به‌رده‌وام ئه‌و ڕاستیه‌ بزانرێ که‌ ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ چ له‌ ئاستی ئیراک و چ له‌ ئاستی کوردستان به‌دیهاتوون به‌رهه‌می یه‌کیه‌تی و هاوخه‌باتی و هاوهه‌ڵوێستی ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مانن و پاراستن و مانه‌وه‌و په‌ره‌پێدانیان هه‌ر به‌وانه‌وه‌ به‌نده‌. له‌وانه‌ش مکورتر بۆ هاویشتنی دواهه‌نگاو به‌ره‌و لوتکه‌‌ی سه‌رکه‌وتن، پێویسته‌ له‌وه‌ش فره‌تر و به‌هێزتر ده‌ست بخه‌ینه‌ ناو ده‌سی یه‌کدی و هزرو بیرو کارمان به‌ره‌و ئه‌و مه‌به‌ست و ئاراسته‌ به‌رین.

بێگومان له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌دراوه‌ چیدیکه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتێک نیه و به‌ڵکو سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌ به‌گشت ڕه‌نگ و پێکهاته‌وه‌ و چین وتوێژه‌کانیه‌وه‌. هه‌روه‌ک به‌رپرسیاریه‌تی و ئه‌رکی زیاتری ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ. بارزانی له‌مه‌ به‌دوا له‌ خۆشی و ناخۆشیه‌کان و له‌ کاره‌سات و نه‌هامه‌تیه‌کان و له‌گشت پێشهاتێکی پێوه‌ندییدار به‌ باشوری کوردستان(ته‌نانه‌ت له‌به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش) به‌رپرسی یه‌که‌مه‌. چاوه‌ڕوانی و داخوازی و هیواکان به‌ره‌و ڕوی ئه‌و ده‌بنه‌وه‌.

فره‌ گرنگه‌ که‌ ڕوناکبیران و ڕۆژنامه‌نوسان به‌ چاوتیژی و وردبینیه‌وه‌ بڕواننه‌ کارو تێکۆشانه‌کانی سه‌رۆکی کوردستان و به‌گیانێکی نه‌ته‌وه‌یی و وڵاتپارێزیه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڵسوکه‌وت و وته‌کانی بگرن و له‌ کوێشدا حه‌وجێ به‌ نرخاندن بوو نه‌پرینگێنه‌وه‌ و ده‌ستخۆشی لێبکه‌ن.

هیوادارم به‌ڕێز بارزانی له‌ ئه‌رکه‌که‌یدا سه‌رکه‌وتوو بێت و له‌ ئاستی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌دا بێت و وڵامده‌ره‌وه‌ی خه‌ۆن و هیواکانی گه‌ل بێت و کارێک بکات که‌ گه‌ل به‌ڕاستی به‌ سه‌رۆکی خۆیانی بزانن و ئاوێک بڕێژێ که‌ سه‌رۆکه‌کانی دوای ئه‌و په‌ندی لێوه‌رگرن.
له‌ کۆتاییدا به‌‌بۆنه‌ی ئه‌و ڕوداوه‌ مه‌زن و مێژووییه‌وه‌ پڕبه‌دڵ له‌ خۆم و هه‌موو ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان پیروزبایی ده‌که‌م و خۆزگه‌ ده‌خوازم که‌ به‌ هه‌وڵ و تێکۆشانی هه‌مووان و لێزانی و وشیاری سه‌رۆک هه‌رێمی کوردستان، گه‌له‌که‌مان به‌ره‌و دوا مه‌نزڵگه‌ی ئاوات هه‌نگاو بنێ و سه‌ره‌نجام داری هیوای گه‌ل به‌ر بگرێ و جێژنی جه‌ژنه‌کان، جه‌ژنی سه‌رخۆبوونی کوردستان بگرین.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home