كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Friday, May 27, 2005

هه‌ڵاتنی فه‌رمانبه‌رێکی ئاسایش و په‌رده‌هه‌ڵدانه‌وه‌

هه‌ڵاتنی فه‌رمانبه‌رێکی ئاسایش
و په‌رده‌هه‌ڵدانه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ست هه‌بوونی باژێڕڤانی تاران له‌ تێرۆری دوکتور قاسملوودا

وه‌رگێڕانی له‌ فارسییه‌وه: خالید عه‌زیزی

له‌گه‌ڵ په‌ره‌ ئه‌ستاندنی ڕکه‌به‌رایه‌تیه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان پاڵێوراوانی به‌ره‌‌ی ڕاست، هه‌ندێک له‌ په‌رده‌ هه‌ڵماڵێن و ئاشکراکردنه‌کان دزه‌یان کردوه‌ بۆ ناو چاپه‌مه‌نیه‌کانی ناوخۆیی، که‌ گه‌لێک جێی بایه‌خ پێدانه‌و ڕه‌نگه‌ ڕکه‌به‌ره‌کان لێفه‌ له‌سه‌ر یه‌کدی هه‌ڵده‌نه‌وه‌. ناوه‌ندیی ئه‌م په‌رده‌هه‌ڵماڵینه‌ تا نوکه‌ ئه‌حمه‌دی نژاد باژێڕڤانی تارانه‌ که‌ له‌ دوایین په‌رده‌ هه‌ڵماڵینه‌كاندا به‌دیار که‌وتووه‌ که‌ له‌ کوشتنی دوکتور قاسملوو سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستاندا ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی هه‌بووه‌. له‌م به‌ستێنه‌دا ته‌نانه‌ت ده‌گوترێ زانیاری گه‌لێک گرنگ خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی حزبی دیموکراتی کوردستان و ئه‌وانیش ئه‌م زانیاریانه‌یان ڕاسته‌وخۆ خستۆته‌ به‌رده‌م یه‌کیه‌تی ئوروپا.

ورته‌ ورتی په‌یوه‌ندییدار به‌ ده‌ورگێڕانی ئه‌حمه‌د نژاد له‌ تیرۆری قاسملوو له‌ هه‌فته‌ی ڕابردودا له‌ کۆڕی ڕاگه‌یه‌نه‌کانی ئێران سه‌ری هه‌ڵداو به‌سه‌رنجدان به‌و ورته‌ ورتانه‌، په‌یک نێت(سایتێکی فارسی‌یه‌)له‌ ژماره‌ی 28ی بانه‌مه‌ڕی خۆیدا، له‌ ژێر ناوی گه‌وره‌ی"بناپارته‌ کاتیه‌کان- چوارناڵه‌ به‌ سواری یه‌ک دوچه‌رخه*‌ " نوسی:

"سه‌رداری سوپا مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نژاد باژێڕڤانی ئێستای تاران که‌ ساڵی 1365ی هه‌تاوی پێوه‌ندی به‌ تیپی تایبه‌تی سوپای پاسدارانه‌وه‌ گرت، به‌ تێپه‌ڕاندنی ده‌وره‌یه‌ک له"‌ بڕیارگه‌ی ڕه‌مه‌زان"له‌ چالاکی ئه‌ودیوی سنور، له‌‌ که‌رکوک به‌شداری کرد. پاش ئه‌وه‌یش وه‌کوو به‌رپرسی ئه‌ندازیاری گورز وه‌شێنی "له‌شکری 6ی تایبه‌تی سوپا" کاری ده‌کرد. ئه‌و گریمانه‌ی که‌ ئه‌و سه‌ره‌ڕای تۆمه‌تبارکردنی به‌ کوشتنی دوکتور کازم سامی شالیاری ته‌ندروستی گشتی ده‌وڵه‌تی بازرگان، له‌ دو کرده‌وه‌ی تیرۆریستی گه‌وره‌ی دیکه‌دا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات، واته‌ ترۆری دوکتور قاسملو سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستان له‌ شاری ڤیه‌ننای پێته‌ختی ئوتریش(ئه‌وستریا) و ترۆری میکۆنوس که‌ ئه‌ویش بوه‌ هۆی کوژرانی دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی جێگره‌وه‌ی‌ دوکتور قاسملوودا ده‌ستی هه‌بێ، فره‌ زۆره‌".

شه‌وی 25مانگی مای به‌رامبه‌ر به‌ سێی جۆزه‌ردان، ڕادیۆ فه‌ڕانسه‌ هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌داو به‌ تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ زانیاریه‌ک که‌ ده‌وڵه‌تی ئۆتریش له‌م دواییانه‌دا وه‌چنگی که‌وتوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌بولحه‌سه‌نی به‌نی سه‌دریش هه‌ڤپه‌یڤینێکی ئه‌نجامدا.
به‌نی سه‌در گوتی: یه‌کێک له‌ نزیکانی ئه‌ندامانی تیمی ترۆری قاسملوو له‌ ئێران وه‌ده‌رکه‌وتوه‌و زانیاری سه‌باره‌ت به‌ ترۆری قاسملوو داوه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئوتریش. به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م وڵاته‌ زانیاریه‌ نوێیه‌کانیان له‌گه‌ڵ زانیاریه‌ کۆنه‌کان به‌راورد کردوه‌و ڕاستی ده‌ربڕینه‌کانی زانیاریده‌ره‌ نوێیه‌که‌یان پشتڕاست کردۆته‌وه‌. ئه‌م بینه‌ر(شاهید)ه‌ نوێیه گوتویه‌تی: له‌ ترۆری دوکتور قاسملوودا دوو تیم به‌شداریان کردوه‌. یه‌ک تیم وتووێژه‌که‌ر بوون و ئه‌ویدیکه‌یان تیمی ترۆر. ئه‌حمه‌دی نژاد‌، باژێڕڤانی نوکه‌ی تاران په‌یامنێری نێوان تیمی وتوێژکه‌ر له‌گه‌ڵ تیمی تیرۆر بوه‌و چه‌ک و چۆڵی له‌ سه‌فاره‌ت وه‌رگرتوه‌و خستویه‌تیه‌ به‌رده‌ستی تیمی تیرۆر.

بینه‌ری نوێ گوتی: تیمی ترۆریش له‌ دوو ده‌سته‌ پێکهاتبوون. ده‌سته‌یه‌کی سه‌ره‌کی و ده‌سته‌یه‌کی جێگره‌وه‌. ئه‌حمه‌دی نژاد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو تیمی وتوێژکارو تیرۆرو دابینکه‌ری چه‌کووچۆڵی تیرۆر هه‌بوه‌، بۆخۆیشی له‌گه‌ڵ تیمی دوهه‌می تیرۆردا بوه‌ تا ئه‌گه‌ر له‌ دۆخێکدا که‌ تیمی یه‌که‌م نه‌یتوانی تیرۆره‌که‌ ئه‌نجام بدات، بۆخۆی و ده‌سته‌که‌ی بچن و تیرۆره‌که‌ ئه‌نجام بده‌ن‌.

به‌نی سه‌در له‌ هه‌ڤپه‌یڤینه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ڕادیۆ فه‌ڕانسه‌، به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئوتریشیه‌وه‌ گوتی: به‌رپرسی ئوتریشی وتووێژی کردوه‌و گوتوییه‌تی که‌ ئه‌مێستا سێ که‌س له‌ پاڵێوراوانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری ئێران ڕاسته‌وخۆ ده‌ستیان له‌ تیرۆردا هه‌بووه‌و له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا زانیاری پێویست خراوه‌ته‌‌ به‌رده‌ست یه‌کیه‌تی ئوروپاو سه‌باره‌ت‌ به‌م کێشه‌یه‌ ئاگاداری دراوه‌. ته‌نانه‌ت به‌ستێنی به‌دواداچوونی یاسایی ئه‌وان وه‌ک تۆمه‌تباری ‌ژێر لێپێچینه‌وه‌ له‌ ئاماده‌بووندایه‌. (وادیاره‌ ئه‌م سێ که‌سه‌ ده‌بێ ڕه‌فسه‌نجانی، ڕه‌زایی و ئه‌حمه‌دی نژاد بن)

ده‌گوترێ، ڕادیۆی کوردستان ئێراق(مه‌به‌ست ڕادیۆی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌- وه‌رگێڕ) و یه‌کێک له‌ کاناڵه‌ ئاسمانیه‌کانی باشوری کوردستان هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار به‌ ده‌وری ئه‌حمه‌دی نژاد له‌ کوشتنی قاسملوی بڵاوکردۆته‌وه‌ که‌ له‌ دۆخێکی وادا گۆڕه‌پانی ناڕه‌زایه‌تیی ناوچه‌یی(نه‌ک هه‌ر بایکۆتی ده‌نگدان به‌ ئه‌حمه‌دی نژاد)ده‌ئافرێنی. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ له‌ سه‌رده‌می باژێرڤانی ئه‌حمه‌دی نژاد له‌ پارێزگای ئه‌رده‌وێڵدا چه‌ند کرده‌وه‌ی کوشتن و تاوانی سیاسی ڕویداوه‌و له‌و هه‌رێمه‌شدا ئه‌و جه‌ماوه‌ری نیه‌. له‌گه‌ڵ په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیانه‌ و ناسرانی دیمه‌نی ڕاستینه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد بۆ تارانیه‌کان نه‌ک هه‌ر ده‌بێ ناوی خۆی له‌ گۆڕه‌پانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماریدا بسڕێته‌وه‌، به‌ڵکو مانه‌وه‌شی له‌ هه‌ڕه‌می باژێرڤانی تارانیش دژوار دیاره‌.

سه‌رچاوه‌: سایتی په‌یک نێت

* فارسیه‌که‌ی ئاوا نوسراوه‌: "بناپارت‌های وقتی- چهارتركه سوار يك دوچرخه"

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home