كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Monday, May 23, 2005

له‌ دنێا دا هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان ئازاده‌ به‌ڵام له‌ ئێران ئیجباریه

له‌ دنێا دا هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان ئازاده‌ به‌ڵام له‌ ئێران ئیجباریه

‌نوسینی: هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سه‌ر ئه‌ساسی توتالیتێری مه‌زهه‌بی بنێات نراوه‌ و قسه‌ی دواێی له‌ لای ڕێبه‌ری پایه‌به‌رزی مه‌رجه‌عی ته‌قلید دایه‌ و هه‌مو دام و ده‌زگا و پۆسته‌کانی دیکه‌ی وه‌ک سه‌ره‌ک کۆمار ، سه‌روکی مه‌جلیس ... کارتونین و ناتوانن هیچ کارێک به‌ بێ ئیزنی ڕێبه‌ر بکه‌ن.

دیموکراسی و ئازادی و هه‌ڵبژاردن و ده‌نگ دان و ڕاده‌ربڕین و نوسین و ڕوژنامه‌گه‌ری و باسی کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و وت و وێژ کردن بۆ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ لای ڕێبه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌‌ شه‌یتانی و نابه‌جێ و پێچه‌وانه‌ی قانونه‌ ئیسلامیه‌کانه‌ و ده‌بێ وه‌ک ئه‌و ده‌یان و هه‌زاران ئازادیخواز و قه‌ڵه‌م به‌ده‌‌سته‌ نه‌ترسانه‌ له‌ نێو ببرێن و به‌ سزای خۆیان بگه‌ن ....
له‌ ئێران دا ژماره‌ی هه‌ره‌ زوری ڕوژنامه‌وانان حه‌بس کراون یان سزا دراون و زیاترین ژماره‌ی داخستنی ڕوژنامه‌ش هه‌ر له‌ ئێران دایه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌ڵین خه‌ڵک ده‌نگ بدات و نۆێنه‌ری خۆی بۆ شورای ئیسلامی هه‌ڵبژێری که‌ ئه‌و نۆێنه‌ره‌ پارێزه‌ری مافه‌کانیان بێ و ده‌نگێان بگه‌یه‌نیه‌ته‌ جێگای مه‌به‌ست و داوا و داخۆازیه‌کانیان له‌ مه‌جلێس دا باس بکات ، چه‌ندین که‌س له‌ نۆێنه‌رانی مه‌جلێس و به‌تایبه‌تی نۆێنه‌رانی کورد بانگ هێشتی دادگا بێ داده‌کانی کۆماری ئیسلامی کراون و هه‌ڕه‌شه‌ی بێ ده‌نگ بونیان لێ کراوه‌ ، یان چاوه‌ڕوانی حوکمی تاوانی نه‌کراو ده‌که‌ن..

یه‌کێکی دیکه‌ له‌ گاڵته‌جاڕیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ خه‌ڵک، ده‌نگ دان و هه‌ڵبژاردنی سه‌ر‌ۆک کۆماریه‌ له‌و وه‌ڵاته‌ دا که‌ نه‌ حوکمی قه‌زاێی نه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیجرای هه‌یه‌ و ته‌نیا وه‌ک کارتونێک ده‌بی ده‌ستورات و ڕێنوێنیه‌کانی ڕێبه‌ر و شورای نگه‌بان و مه‌جمه‌عی ته‌شخیخی مه‌سڵه‌حه‌ت ئه‌نجام بدات و نابێ به‌ مو لا بدات ده‌نا سزا ئه‌درێ.

له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که‌ ده‌سه‌ڵات دارانی ئێرانی خه‌ڵک بۆ ده‌نگ دان مه‌جبور ئه‌که‌ن ، له‌ ده‌ورانی هه‌ڵبژاردنی خامنه‌ێی (که‌ ئێستا ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامیه‌) و هه‌روه‌هاهه‌ڵبژاردنی هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی(که‌ ئێستا سه‌روکی مه‌جمه‌عی ته‌شخیسی مه‌سڵه‌حه‌تی نیزامه‌) خه‌ڵکیان به‌نه‌دانی خۆاردن ناچار ئه‌کرد که‌ بچن بۆ ده‌نگدان که‌ ئه‌و کاته‌ له‌ شه‌ڕ دا بون له‌ گه‌ڵ عێراق و خواردن له‌ ئێران دا زور که‌م بو و ده‌وڵه‌ت یان سیسته‌می ئیسلامی ئێران بۆ زه‌لیل کردنی خه‌ڵک بازاڕی خۆاردنی له‌ ده‌ست خۆ دا به‌ر ته‌سک کردبوه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌ ناو ناسنامه‌که‌ی دا موری ده‌نگ دانی پێوه‌ نه‌بایه‌ ئه‌وا خواردنی پێ نه‌ئه‌درا و به‌ڵکو به‌ تاوانی ده‌ژایه‌تی کردنی نیزام حوکمیش ئه‌درا، به‌ڵام پاش کوتای هاتن به‌ شه‌ڕ و له‌ گه‌ڵ گۆڕانکاریه‌ جیهابیه‌کان دا ده‌سه‌ڵات دارانی ئێرانی فێڵێکی دیکه‌یان دوزیه‌وه‌ و به‌ ناوی ڕێفورمخوازی و گۆڕانکاریه‌وه‌ خاته‌میان هێنایه‌ مه‌یدان که‌ مروڤێکی خۆش قسه‌ و ده‌م به‌ پێکه‌نینه‌ و به‌ دانی هێندی دروشم که‌ له‌ ئه‌سڵ دا داخۆازی گه‌لانی ئێرانه‌ وایان کرد که‌ خه‌ڵک به‌ زوری ڕوو له‌ سه‌ندوقه‌کانی ده‌نگدان بکه‌ن و به‌ هیوای داهاتویه‌کی پڕ له‌ گۆڕان ده‌نگیان به‌ خاته‌می و دواتریش به‌ باندی به‌ناو ڕێفورمخواز دا که‌ زوربه‌ی کورسیه‌کانی شورای ئیسلامی وه‌ده‌س بێنن . پاش ده‌وره‌ی یه‌که‌م که‌ ماوه‌که‌ی چوارساڵه‌ خه‌ڵک له‌ خاته‌می پاشگه‌ز بونه‌ه‌ و تێ گه‌یشتن که‌ ناوبراو هیچی پێ نیه‌ و موره‌یه‌کی ئه‌و سیسته‌مه‌یه‌ و هیچ جیاوازیه‌کی فکری و بنه‌ڕه‌تی له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ر و بن ڕێبه‌ره‌کان دا نیه‌.

دیاره‌ حاکمانی ئێرانی ئیسلامی ئه‌م هه‌له‌یان به‌ کار هێنا و به‌شداری خه‌ڵکیان له‌ هه‌ڵبژاردن دا وه‌ک مه‌شڕووع بونی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌ لای کۆمه‌ڵگای مروڤایه‌تی پیشان دا و ئه‌وروپایه‌کان و زور لایه‌نی دیکه‌یان سه‌رگه‌رمی گۆڕانکاری کرد. دیاره‌ له‌ ده‌ورانی هه‌شته‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌ره‌ک کۆمار له‌ ئێران دا خاته‌می جارێکی تر ده‌نگی هێنایه‌وه‌ و خه‌ڵک هێشتا هیوایه‌کیان به‌وه‌ مابو که‌ ناوبراو‌ به‌ڵێنه‌کانی به‌ جێ بگه‌یه‌نێ و گۆڕانکاریه‌ک ئه‌نجام بدات .

ئێستا ئیتر دوای هه‌شت ساڵ له‌ سه‌روک کۆماری خاته‌می و بیست و شه‌ش ساڵ حاکمیه‌تی کۆماری ئیسلامی ئیران ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ له‌ سایه‌ی ئه‌و ڕیبه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ دا چاوه‌ڕوانی هیچ گۆڕانێک ناکرێ و هه‌تا سیسته‌م ویلایه‌تی فه‌قیهی بێ ئورگانه‌کانی دیکه‌ کارتونین و ناتوانن دیفاع له‌ حه‌قی خۆشیان بکه‌ن تا ده‌گا به‌وه‌ی پارێزه‌ری و داکۆکی له‌ خه‌ڵکێک بکه‌ن که‌ ده‌نگیان پی داون.

له‌م کاته‌ دا که‌ سه‌ران و سیسته‌می کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ دنیاش و له‌ ناو کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و پێشکه‌وتوی دنێا دا ته‌ریک ماونه‌ته‌وه‌ و وه‌ک بن پێ که‌ری مافی مروڤ و سیسته‌می به‌رده‌باران که‌ری ژنان و له‌ سێداره‌دانی لاوه‌کان و شکاندنی قه‌ڵه‌مه‌ ئازاد و داخستنی ڕوژنامه‌ و گۆڤاره‌ نوێخوازه‌کان ئه‌رناسرێ ، هه‌ڵبژاردنی نویه‌مین ده‌وره‌ی سه‌رۆک کۆماری به‌ڕێوه‌یه‌ و له ناو ئه‌و که‌سانه‌ دا که‌ خۆیان ناو نوسی پۆستی سه‌روک کۆماری کردوه‌ هه‌مان ناو و ده‌مو چاوی ترسناک و کۆنه‌په‌ره‌ست و دژه‌ مروڤی وه‌ک هاشمی ڕه‌فسنجانی و موحسنی ڕه‌زاێی و گه‌لێکی دیکه‌ ده‌بیندرێ که‌ به‌ ساڵانه‌ له‌ تێرور کردن ، ڕه‌شه‌ کوژی و توقاندنی خه‌ڵک دا به‌شدارن و هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌و سیسته‌مه‌ش به‌ ناوی جوراو جوره‌وه‌ له‌ده‌ست ئه‌وان دایه‌ و ئه‌یانهو‌ی به‌ ڕه‌نگ گۆڕین و درو کردن و کڵاو له‌سه‌رخه‌ڵک نان جارێکیتر له‌ به‌شداری کردنی خه‌ڵک که‌ڵک وه‌رگرن بۆ ڕه‌وایه‌تی دان به‌ کار و کرده‌وه‌ ناڕه‌واکانیان.

ئه‌مجاره‌ش به‌ ناردنی نامه‌ی تایبه‌ت بۆ ماڵی خه‌ڵک داوایان لێ ئه‌که‌ن که‌ له‌ هه‌ڵبژاردن دا به‌شدار بن و به‌م کارشیان ئه‌یانه‌وێ خه‌ڵک بترسێنن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکه‌ن ده‌نا له‌ دوا ڕوژا سزا ئه‌درێن.
سه‌یر له‌وه‌ دایه‌ له‌ هه‌مو دنیا دا ده‌نگ دان وه‌ک حه‌قی ڕه‌وای گه‌ل بۆ چه‌سپاندنی دیموکراسی به‌ کار دێ و خه‌ڵک بۆخۆیان به‌ په‌روشه‌وه‌ن که‌ بشداری ده‌نگدان بکه‌ن و نۆێنه‌ری خۆیان دیاری بکه‌ن که‌چی له‌ ئێران دا ده‌نگدانیش زوره‌ملێیه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌نگ نه‌ده‌ن هه‌ڕه‌شه‌ی سزادانیان لێ ده‌کرێ...

هیچ که‌س شک و گۆمانی له‌وه‌دا نیه‌ که‌ ده‌نگ دان له‌ئیران ڕواڵه‌تیه‌ و هیچ کاریگه‌ریه‌کی نابێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کێ ده‌بێته‌ سه‌ره‌ک کۆمار ، که‌وا بو ده‌بێ خه‌ڵكی ئێران به‌ گشتی و خه‌ڵکی کوردستان به‌ تایبه‌تی هه‌ڵوێستی خۆیان به‌ بایکوت کردنی ئه‌و ده‌نگدانه‌ نادیموکراتیک و نامه‌شروعه‌ نیشان بده‌ن و به‌ جیهانیان بڵێن ئێمه‌ ئه‌م سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌مان ناوێ فریامان که‌ون...

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home