كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Sunday, May 22, 2005

چونی مام جه‌لال بۆ ئورده‌ن و چونی جه‌عفه‌ری بۆ تورکیا

چونی مام جه‌لال بۆ ئورده‌ن و چونی جه‌عفه‌ری بۆ تورکیا

نوسینی: هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

له‌م مانگه‌ دا سه‌روک کۆماری عێراق و سه‌ره‌ک وه‌زیرانی ئه‌و وه‌ڵاته‌ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌یان کرد و به‌ ئامانجی دامه‌زراندنی دیپلوماسی نوێی عێراقی له‌گه‌ڵ وه‌ڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ، به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌روک کۆماری کاتی عێراق چووه‌ وه‌ڵاتی ئورده‌نی عه‌ره‌بی و به‌ پێی ڕاگه‌یاندنی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان پێشوازیه‌کی بێ وێنه‌ی لێ کرا و مامه‌ش سوزی دا که‌ عێراق وه‌ک به‌شێ له‌ عه‌ره‌بستانی پیروز بمێنێته‌وه‌ و ئه‌ویش له‌ هیچ هه‌وڵێک بۆ ئه‌م ئامانجه‌ پیروزه‌ دریخی نه‌کات .
یه‌کێکی تر له‌ کاره‌ دیاره‌کانی مام جه‌لال ئه‌وه‌ بو که‌ داوای لێبوردن له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئورده‌نی بکات له‌ تاوانی پاره‌خۆاردنی چه‌له‌بی خۆش بن.

چه‌له‌بی که‌ سه‌روکی کونگره‌ی نیشتمانی عێراق و ماوه‌یه‌ک له‌ وه‌ڵاتی ئورده‌ن وه‌ک به‌رپرسی کاروباری بانکی ژیاوه‌، ئێستا زیاتر خۆی به‌ شیعه‌ی عێراقی ئه‌زانی و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئیمریکایه‌کانیش هه‌وڵی گرتنیان دا به‌ تاوانی گه‌یاندنی زانیاری به‌ ئێرانیه‌کان، هێشتا ناوبراو هه‌ر له‌ مه‌یدان دایه‌ و له‌وه‌ ئه‌چی له‌ داهاتوی عێراق دا پۆستێکی به‌رز وه‌رگرێ، ناوبراو به‌ر له‌ چه‌ندین ساڵ له‌ لایه‌ن دادگای به‌رزی ئورده‌نه‌وه‌ تاوانبار کرا به‌وه‌ی که‌ پاره‌یه‌کی زوری هه‌ڵلوشیوه‌ و فێڵی له‌ بانکی ناوه‌ندی ئورده‌نی کردوه‌، به‌ڵام چه‌له‌بی زیره‌کانه‌ خۆی گه‌یانده‌ ده‌زگای سیخۆڕی ئیمریکاێی و له‌گه‌ڵیان ڕێک که‌وت که‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌کی کۆمه‌ڵکۆژی عێراق زانیاریان بۆ کۆ کاته‌وه‌ و هاوکات پێوه‌ندیشی به‌ ده‌زگا سیخۆڕیه‌کانی ئینگیلزه‌وه‌ گرت که‌ سه‌باره‌ت به‌ ئوپوزیسیونی عێراقی و چالاکیه‌ سه‌ربازیه‌کانی ڕژیمی سه‌دام حسین زانیاریان بۆ کۆ کاته‌وه‌.

چه‌له‌بی هاوکات بۆشایی نێوان ئوپۆزیسیونی عێراقی گواسته‌وه‌ که‌ ئه‌وکات هه‌رکامه‌ و سه‌ر به‌ لایه‌نێکی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی بون و هێندێ لایه‌نیشیان ده‌رو و جێگایه‌کی وایان نه‌بوو کونگره‌ی نیشتمانی عێراقی گه‌ڵاڵه‌ کرد و خۆشی بو به‌ سه‌رۆکی و له‌ شانسی چه‌له‌بیش حیزبه‌ کوردیه‌کانی باشور وه‌ک یه‌کیه‌تی و پارتی له‌ به‌شێکی سوتاوی نیوه‌ ئازادی کوردستان دا ده‌سته‌و یه‌خه‌ی خۆ کۆژی بون و هیچ لایه‌نێکی کوردیشیان وه‌ک نێوبژیوان قه‌بوڵ نه‌ئه‌کرد، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر بێگانه‌ دا وه‌ک هه‌میشه‌ سه‌ر له‌ خۆار بون و هه‌ر بۆیه‌ هیزه‌ بێ که‌ڵکه‌کانی چه‌له‌بی بونه‌ ده‌مڕاستی نێوان یه‌نه‌ک و په‌ ده‌ ک و به‌ سه‌ر کورده‌وه‌ بونه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ...

چه‌له‌بی که‌ ڕوژانێکی دورو درێژ له‌ کوردستان میوان بوه‌ و زور ڕێزی لێ گیراوه‌ و ئیمکاناتی بۆ فه‌راهه‌م کراوه‌ پاش ڕوخانی سه‌دام حسین هه‌مان هه‌ڵوێسته‌کانی حیزبی به‌عسی عێراقی دوباره‌ کرده‌وه‌ و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ ته‌نێا ده‌سه‌ڵاتی نیه‌ ده‌نا نه‌ کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌ناسی و نه‌ ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ی پێ قیزه‌ون و مه‌حکومه‌ ...

له‌ کاتێک دا که‌ پارله‌مانی کوردستان تازه‌که‌شی وه‌ک کۆنه‌که‌ی بێ که‌ڵک و مانا ده‌بێ و یه‌کیه‌تی و پارتی نه‌یان توانیوه‌ له‌ سه‌ر ساده‌ترین خاڵ واته‌ کۆ بونه‌وه‌ی ئه‌و پارله‌مانه‌ ڕێک بکه‌ون ، له‌ کاتێک دا که‌ هه‌لۆێستی شیعه‌ و سونه‌ و جه‌عفه‌ری و عه‌لاوی و چه‌له‌بی و زه‌رقاوی و سه‌دام و بن لادن سه‌باره‌ت به‌ کورد وه‌ک یه‌که‌ و له‌ کاتێک دا که‌ چاره‌نوسی کورد نادیار و کێشه‌ی که‌رکوک و خانه‌قین و جوگرافیای کوردستان نادیاره‌ و له‌و کاته‌ دا که‌ کات به‌ خێراێی له‌ ده‌س کوردان ده‌ڕوا و هاوکات که‌ یه‌کیه‌تی و پارتی کێشه‌کانیان ئه‌گاته‌ لوتکه‌ی لێک دورکه‌وتنه‌وه‌ و تۆران و کۆبونه‌وه‌ چوڵ کردن، مام جه‌لال ڕوو له‌ وه‌ڵاتی ئورده‌ن ئه‌کا و داوای به‌خشینی قاچاخچیه‌کی وه‌ک چه‌له‌بی ئه‌کات.

مام جه‌لال ده‌بوایه‌ داوای چاره‌نوسی ئه‌نفالکراوه‌کانی له‌ ده‌وڵه‌تی ئوردن بکرادایه‌ و ده‌بو داوای ژماره‌ی ئه‌و کچه‌ ڕوسوره‌ چاره‌ ڕه‌شه‌ کوردانه‌ی بکرادیه‌ که‌ زه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسین وه‌ک پێشکه‌شی دراونه‌ته‌ به‌رپرسانی ئورده‌نی و ده‌یان شتی دیکه‌ که‌ ڕاسته‌و ڕاست گرێدراوی کورد و کوردستان و به‌شداری ئورده‌نیه‌کانه‌...

به‌ڵام چونی جه‌عفه‌ری شیعه‌ و سه‌روک وه‌زیرانی عێراق و هاوپه‌یمانی یه‌کیه‌تی و پارتی بۆ تورکیه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌. جه‌عفه‌ری به‌ نیازی سه‌رکوت کردنی کوردان و لاواز کردنی جوڵانه‌وه‌ی کوردی باکور یه‌که‌م هه‌نگاوی خۆی نا و دڵنێاشم پلانی دیاریکراوی بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی ڕه‌وڵی کورد له‌ عێراق دا هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ تورکه‌کان له‌سه‌ری کۆکن.

له‌ کاتێک دا که‌ جه‌عفه‌ری به‌ بێ پشتگری کورد ته‌نێا یه‌ک ڕوژ ناتوانی نه‌ک سه‌روک وه‌زیر به‌ڵکو گسکده‌ری شه‌قامه‌کانی به‌غداش بێ ، ناتوانی زه‌رقاوی و جه‌ماعه‌ته‌که‌ی له‌ عێراق دور بخاته‌وه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر خۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌ هاو ڕه‌گه‌زه‌کانی و سه‌ربڕین و تۆقاندنی گروپه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامیه‌کان بێ ده‌سڵات و توقاوه‌ و هیچی پێ ناکرێ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ناوبردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی باکوری کوردستان ئه‌کات و ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ تورکیه‌دا هاوکار بێ به‌ دژی تێروریست ، که‌چی هه‌م تورکیه‌ تێروریستی ده‌وڵه‌تیه‌ و هه‌م جه‌عفه‌ری تێرویستی ئیسلامی و هه‌م هه‌ردو لاش وه‌ک یه‌ک دژی کوردن.

سه‌یر له‌وه‌ دایه‌ که‌ جه‌عفه‌ری ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر بستێ له‌و ناوچانه‌دا نیه‌ که‌ هێزه‌کانی پارتیا کارکه‌رێن کوردستان، پ ک ک ی لێیه‌ و هێچ ڕێزێکیش بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی دانانێ و ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی هه‌ڵۆێستی ناوبراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ کورد و کوردستان ....

مام جه‌لال له‌ سه‌رفه‌ری خۆی دا هه‌وڵ ئه‌دا که‌ عه‌ره‌به‌کان لێک نێزیک بکاته‌وه‌ و به‌ هێزیان بکات و جه‌عفه‌ری هاوپه‌یمانیشی به‌رنامه‌ی لێدانی کوردی پێیه‌ و پیلانی ته‌فروتونا کردن هێزی گریلای کوردی و بن پێ کردنی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ێی باشوری کوردستانی ئه‌گێڕێ.... له‌وه‌ش داخدار تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌ ده‌سه‌ڵاتی زه‌رد و نه‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌وز له‌و باره‌وه‌ هیچ هه‌ڵوێستێ ناگرن و سه‌ریان شۆڕ کردوه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی پاشقول لێک دان و ئاگایان له‌وه‌ نیه‌ که‌ جه‌عفه‌ری چ به‌رنامه‌یه‌کی پڕ مه‌ترسی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌...

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home