كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Tuesday, May 17, 2005

کۆنفرانسه‌که‌ی برزبن

کۆنفرانسه‌که‌ی برزبن

به‌مه‌به‌ستی تاوتوێ کردنی بارودۆخی ئێستای کوردو ده‌ستنیشانکردنی ڕێگا چاره‌ی گونجاو بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئازاره‌ی له‌سه‌ر ئه‌م گه‌له‌ چه‌وساوه‌یه‌ بار گرانی ده‌کات، کۆنفرانسێکی به‌رفراوان به‌به‌شداری لایه‌ن و که‌سایه‌تی جۆراوجۆر له‌شاری برزبن پێکهات. کۆنفرانسه‌که‌ کاتژمێری 8:30خوله‌ک به‌کاتی برزبن، سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێکه‌وتی سێی مانگی مه‌ی له‌ هۆڵی پارلمانی شاری برزبن ده‌ستی به‌کاره‌کانی کردو تا ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ درێژه‌ی کێشا.

له‌م کۆنفرانسه‌دا ژماره‌یه‌ک بابه‌ت و وتار پێشکه‌شکران و له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش په‌یامی هه‌ریه‌ک له‌ عبدوڵڵا حه‌سه‌نزاده‌ سکرتێری پێشوی حزبی دیموکرات و مسته‌فا هیجری سکرتێری ئێستای حزبی دیموکرات خوێندراونه‌ته‌وه‌.
ڕاپۆرتی ئه‌و کۆنفرانسه‌ ڕۆژی شه‌شی ئه‌م مانگه‌ له‌ ڕادیۆی کوردی باشوری ئوسترالیا خوێندرایه‌وه‌ که‌ هه‌یاس کاردۆ بۆی ناردبووین. هه‌روه‌ها هه‌واڵی ئه‌و کۆنفرانسه‌ له‌ سایته‌کانی سه‌ر به‌ یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستاندا بڵاوکراته‌وه‌. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ سایته‌کانی سه‌ر به‌ حزبی دیموکرات وادیاره‌ خۆیان له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامه‌که‌ی حه‌سه‌نزاده‌ بواردوه‌ یان باشتره‌ بڵێم پێیده‌چی به‌جۆرێک ڕێگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی گیرابێت. چونکه‌ تا نوکه‌ش له‌ سایته‌کانی سه‌ر به‌و حزبه‌دا نه‌وه‌شێنراوه‌، به‌ڵام په‌یامه‌که‌ی هیجری له‌ سایته‌کانی حزبی دیموکراتدا بڵاوکراوه‌ته‌.

له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ده‌قی په‌یامه‌که‌ی به‌ڕێز حه‌سه‌نزاده‌ له‌ ڕێگای دۆستانی ئاگادار له‌ کۆنفرانسی برزبێنه‌وه‌ بۆ کوردستان نێردراوه‌ و ئێمه‌ش سه‌ره‌تا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ PDF ناردرابوو، کردمانه‌ وێنه‌و بڵاومان کرده‌وه‌. پاش ئه‌وه‌ی هه‌مان په‌یام به‌ تایپکراوی له‌ ڕێگای ئه‌و دۆستانه‌وه‌ بۆمان نێردرایه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ خواره‌وه‌ بۆ ئاگادری ئێوه‌ میوانانی هێژا بڵاویده‌که‌ینه‌وه‌.

*********************

ده‌قی په‌یامه‌که‌ی عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌‌:
په‌یام بۆ به‌شدارانی به‌ڕێزی كۆنفڕانسی میللیی ئوستڕالیا بۆ باس له سه‌ر وه‌زعی كورده‌كان له ئوستڕالیا و وڵاتانی كورد نشین.

دۆستانی خۆشه‌ویست!

به ناوی كوردێك كه ته‌مه‌نێكی درێژی له خه‌بات بۆ به‌‌دیهێنانی دێموكراسی و مافه نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانی گه‌لی كورد له كوردستانی ئێران دا به‌خت كردوه، ده‌ستخۆشی و پیرۆزبایتان لێ ده‌كه‌م به بۆنه‌ی پێك هێنانی ئه‌م كونفرانسه گرنگ و به نێوه‌رۆكه.

ئێوه بۆ دیفاع له ماف و ئازادیه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كۆبوونه‌وه كه یه‌كێك له كۆنترین گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته، حه‌شیمه‌تی سه‌ر له 40 میلیۆن ده‌دا و پێوانه‌ی خاكه‌كه‌ی كه له نێوان چوار وڵاتی توركیه، ئێران،عێراق و سووریه‌دا دابه‌ش كراوه، به كه‌مترین لێك دانه‌وه‌كان 430 هه‌زار كیلۆمه‌تری چوار گۆشه‌یه، كه‌چی له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه سه‌دان ساڵه له پێناوی وه‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌ی نوسی خۆیدا تێ ده‌كۆشێ و قوربانی ده‌دا تا ئێستا به‌شی هه‌ره زۆری له مافه نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانی و هێندێ جار له مافی هاونیشتمانه‌تیش بێبه‌شه.

ته‌نیا له كوردستانی عێراق كه هه‌م له‌ باری پێوانه‌ی خاكه‌كه‌ی و هه‌م له باری حه‌شیمه‌ته‌وه سێیه‌م پارچه‌ی كوردستان پێك دێنێ. گه‌لی كورد له سایه‌ی خه‌بات و قوربانیدانی سه‌خاوه‌ت مه‌ندانه‌ی خۆی و هێندێ هۆی له بار(عامل مساعد)ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی ‌ جێگای هومێد بۆ گه‌یشتن به‌مافه ڕه‌واكانی. به‌ڵام له‌وێش دا هێشتا بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و مافانه له قانوونی ئه‌ساسی‌و هه‌میشه‌ییداو بۆ به‌ده‌‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌موو سه‌رزه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی ڕێگایه‌كی دوور و درێژی له پێشه‌و پێویستی به هه‌وڵ و تێكۆشانێكی به‌ربڵاوی سیاسی و دیپلۆماسی له لایه‌ك و پشتیوانی بێدرێخی لایه‌نگرانی ئازادی و دادپه‌روه‌ری له جیهان داله لایه‌كی دیكه‌ هه‌یه.

خۆشك و برایان!
به هه‌موو پێوانه‌یه‌كی ئینساف و دادپه‌روه‌ری و به پێی هه‌موو په‌سه‌ندكراوه ‌جیهانیه‌كانی پێوه‌ندیدار به‌مافی مرۆڤه‌وه، نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌قی خۆیه‌تی ببێته خاوه‌نی وڵات و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی‌ و خۆی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئازادو سه‌ربڵند له نێو كۆمه‌ڵگای جیهانیدا ببینێته‌وه. به‌و حاله‌ش هێزه سیاسیه‌كانی به‌شدار له‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له به‌ش‌ جۆراوجۆره‌كانی كوردستان دا دروشمی فیدڕالیزم و یه‌كیه‌تیی داخوازانه له گه‌ڵ گه‌لانی دراوسێ تورك و فارس و عه‌ره‌بیان دا هه‌ڵگرتووه له‌و باوه‌ڕ‌دان كه جێگیر بوونی دێموكڕاسییه‌كی واقعی ده‌توانێ مافه‌كانی كورد و قازانجی هاوبه‌شی كورده‌كان و هاونیشتمانه‌ تورك و فارس وعه‌ره‌به‌كانیان دابین بكا. كه‌چی به‌داخه‌وه شۆڤێنیزمی حاكم به‌سه‌ر ‌ بیروبۆچوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی كورد نشین دا تا ئێره ڕێگای نه‌داوه ئه‌و مافه سه‌ره‌تاییه‌ش بۆ كورده‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێ و كۆتایی به نابه‌رابه‌ریی هاونیشتمانان له‌م وڵاتانه‌دا بهێنرێ.

ئێمه كورده‌كان به‌ چاوی ڕێزو هۆمێده‌وه ده‌ڕوانینه ئه‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌لایانه‌ كه له وڵاتانی دێموكرات و پێشكه‌وتووی جیهان‌دا بۆ پشتیوانی له چاره‌سه‌ری دادپه‌روه‌رانه‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌درێن. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئێوه به ڕێزو ئه‌مه‌گناسیه‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنین و به‌ش به‌ حاڵی خۆم سوپاس و پێزانینتان پێشكه‌ش ده‌كه‌م. وڵاتی ئوستڕالیا له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه دایه‌ كه هه‌قیان هه‌یه‌ داوای به‌رابه‌ریی مافی هاونیشتمانان له وڵاتانی جیهان داو به تایبه‌تی داوای چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له‌و وڵاتانه‌دا بكه‌ن. چونكه ئوستڕالیای فره‌نه‌ته‌وه نموونه‌یه‌كی جێگای لێ فێر بوون و سه‌رمه‌شق وه‌رگرتنی له ڕێزدانان بۆ جۆراوجۆریه نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زی و ئایینیه‌كان له نێو خۆی دا پیاده كردووه. ئه‌و ماف و ئازادییانه كه بۆ نموونه كورده‌كان له ئوستڕالیادا پێی گه‌یشتوون به‌داخه‌وه تا ئێره‌ش بۆ كورده‌كان له سه‌ر خاكی باب و باپیرانی خۆیان وه‌ك ئاواتێكی دووره‌ده‌ست دێته‌به‌ر چاو.

سه‌ركه‌وتنی هه‌وڵه‌كانی ئێوه‌و به‌رنامه‌كانی كاری ئه‌م كۆنفڕانسه‌تان ئاره‌زووی من و هه‌موو كوردێكی ڕێبواری ڕێگای گه‌یشتنی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به ماف و ئازادیه ئێنسانیه‌كانیه‌تی.

سڵاوی دووباره‌م لێ قبووڵبكه‌ن و هه‌ر بژین.

كوردستانی عێراق- كۆیه‌
عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده‌
25/04/2005

0 Comments:

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home