كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Sunday, May 15, 2005

چونی كاك عه‌بدوڵا موهته‌دی بۆ ئیمریكا بۆ چییه‌؟

چونی كاك عه‌بدوڵا موهته‌دی بۆ ئیمریكا بۆ چییه‌؟

نوسینی: هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

وه‌ك ڕۆژ ڕونه‌ كه‌ هاتنی ئیمریكا بۆ ناوچه‌ ته‌نیا لابردنی سه‌دام حسین له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات نیه‌ و نه‌بووه‌ و گه‌لێ ئامانجی دوور و نێزیكی دیكه‌ له‌ پشت ئه‌و هه‌مو خه‌رج و مه‌خارج و له‌شكركێشانه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیمریكایه‌كان ته‌حه‌مولی ده‌كه‌ن و له‌و نێوه‌ش دا سه‌دم حسین یه‌كیك له‌ ئامانج یان هه‌ده‌فه‌كانی ئیمریكا بو . له‌ دنیای دوای تێك چون و ڕوخانی بلوكی به‌ ناو سوسیالیستی و لاواز بونی ئابوری ڕوسیه‌ كه‌ بێگۆمان لاوازی سیاسی و نیزامیشی له‌گه‌ڵه‌ ئیمریكایه‌كان خه‌ونی ده‌سه‌ڵاتداری بێ ئه‌ملاو و ئه‌ولای دنیا ده‌بینن و به‌ كرده‌وه‌ش تا ڕاده‌یه‌كی زوور خه‌ونه‌كه‌یان وه‌ڕاست گه‌ڕاوه‌ و ئه‌وه‌ی ئیمریكا بیه‌وی بیكا به‌ بێ ڕێگر و له‌مپه‌ر ئه‌نجامی ئه‌دا و له‌و ناوه‌ش دا وه‌ك جاران و وه‌ك یه‌كێ له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی سه‌رمایه‌داری نه‌ گۆێ به‌ مروڤ ئه‌ده‌ن و نه‌ كۆشتنی مروڤه‌كانیشیان به‌لاوه‌ گرینگه‌ .

به‌ڵام هێندێ كات و له‌ ده‌وران و سه‌رده‌می جیاواز دا وا ڕێك ده‌كه‌وێ كه‌ ئیمریكایه‌كان زور خێرا و به‌ بێ هیچ دوو دڵێ و دڕدونگیه‌ك وه‌رقی یاریه‌كه‌یان وه‌رئه‌گه‌ڕێنن و ئه‌وه‌ی دووێنێ تێروریست و دوژمنیان بوه‌ ده‌بێته‌ هاوپه‌یمان و دوستیان و هه‌مو شتێ به‌ ئاسانی له‌بیر ده‌كرێ.... ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا به‌رچاو و شایانی لێ وردبونه‌وه‌یه‌ كێشه‌ی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی ده‌سه‌ڵات دارانی ئێرانیه‌ و ئیمریكا ئه‌مه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگای مروڤایه‌تی ئه‌زانێ و ئه‌یه‌وێ به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ك بێ پێشی پێشكه‌وتنی ئه‌و چه‌كانه‌ بگرێ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خه‌ریكی خۆ ئاماده‌ كردنه‌ بۆ لێدانی سیسته‌می سه‌ربازی ئێرانیه‌كان. شه‌ڕی باڵكان نێزیك به‌ شه‌ش ساڵی خایاند تا ئیمریكا ده‌خاله‌تی كرد و له‌ ماوه‌ی ته‌نیا یه‌ك مانگ دا كۆتاێی به‌ كێشه‌كه‌ هێنا و یوگوسلاڤیای دابه‌ش و ده‌سه‌ڵاتی سیربه‌كانی لاواز كرد... چوار ساڵی ته‌واو دنیا به‌ بێ ده‌سه‌ڵاتیه‌وه‌ شاهێدی جه‌نایه‌تی تالیبانه‌كان له‌ ئه‌فقانستان دا بو تا سه‌رئه‌نجام ئیمریكایه‌كان لێان دان و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م دا ڕایان ماڵین...

سه‌دام حسین له‌ ماوه‌ی سی ساڵی ته‌واو خه‌ڵكی عه‌ره‌ب و كورد و گه‌لانی تری قه‌تڵ و عام ده‌كرد و دوای ئه‌وه‌ی كه‌ كۆێتی داگیر كرد دوازده‌ ساڵی ته‌واو گه‌ماروی ئابوری و سیاسی و ... خرایه‌ سه‌ر عێراق به‌ڵام سه‌دام هه‌رمایه‌وه‌ تا سه‌ر ئه‌نجام ئیمریكایه‌كان به‌ په‌لامارێكی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو خه‌ڵكی عێراقیان ڕزگار كرد و سه‌دامیان له‌ كۆڵ ئه‌و خه‌ڵكه‌ زه‌لیل كراوه‌ كرده‌وه‌...
له‌ بیرمان نه‌چێ كه‌ هیچكام له‌و وه‌ڵاتانه‌ به‌ هاتنی ئیمریكا نه‌بوه‌ته‌ به‌هه‌شتی به‌رین و ئێستاش كێشه‌ی گه‌وره‌یا هه‌یه‌ و ئیمریكاش خه‌ریكی سه‌قامگیر كردنی ده‌سه‌ڵاتی زیاتری خۆیه‌تی ، به‌ڵام ێیمكانێك هاتوه‌ته‌ كایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و گه‌لانه‌ بتوانن به‌ كارێ بێنن و داهاتویه‌كی ڕون بۆ خۆیان دیاری بكه‌ن. ئێستا دوای تالیبان و سه‌دام نوره‌ی ئێران و سوریه‌یه‌ ، كه‌ ئێران به‌ زور هۆ له‌پێشه‌ و له‌وه‌ ئه‌چێ كه‌ ئیمریكایه‌كان خه‌ریكی گه‌ڵاڵه‌ داڕشتنی لێدانی ئه‌و حكومه‌ته‌ كۆنه‌په‌ره‌سته‌ بن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌ بڕی 30 ملیون دولاری ته‌رخان كردوه‌ بۆ یارمه‌تی دانی دژبه‌رانی كۆماری ئیسلامی ئێران . گه‌لی كورد ئه‌توانی به‌ بونی ئیمریكا له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ڵكی باش وه‌ر گرێ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ كورد پێویستی به‌ ئیمركا هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ش ئیمریكا پێویستی به‌ كورد هه‌یه‌ .

به‌داخه‌وه‌ پارته‌كانی ڕوژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌م هه‌له‌ ناخۆێننه‌وه‌ و لێی تێ ناگه‌ن و نه‌یانتوانیوه‌ له‌ ناو پروسه‌كه‌ دا جێگای كوردی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان بدوزنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئاوا بڕوا موجاهیدینی خه‌ڵكی ئێرانی كه‌ له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران پڕ مه‌ترسی دارترن بۆ كورد و كۆمه‌ڵگای مروڤایه‌تی هه‌له‌كه‌ ئه‌گۆێزێته‌وه‌ و سه‌رنجی ئیمریكایه‌كان بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێ و به‌مجوره‌ وه‌زن و قۆرساێی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی وه‌ڵات وه‌ك باشور نابێ و ئه‌مه‌ش ئه‌توانی زیان به‌ باشوریش بگه‌یه‌نێ و شیعه‌ی ئێرانی و شیعه‌ی عێراقی دڵی ئیمریكا وه‌ده‌س بێنن و پاڵ وه‌ كورده‌وه‌ بنێن بۆ ده‌رخستنی له‌ هاوپه‌یمانه‌تیان له‌گه‌ڵ ئیمریكا. پارته‌كانی ڕوژهه‌ڵاتی كوردستان به‌تایبه‌تی حیزبی دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمونیست له‌ خه‌ونی 25 ساڵ پێش ئێستا دان و ئه‌ونده‌ له‌ دنیای واقێع دورن ناتوانن له‌ده‌ور یه‌ك كۆ بنه‌وه‌ و هه‌وڵی بنێات نانی به‌ریه‌كی كوردستانی بده‌ن و هه‌مو هێز و توانای گه‌له‌كه‌مان یه‌ك بخه‌ن و له‌ هاوپه‌یمانه‌تیش له‌گه‌ل ئیمریكایه‌كان دا وه‌زنێكی قورس تریان هه‌بێ وده‌ستی یارمه‌تی و هاوكاری بۆ لای پارته‌كانی دیكه‌ی وه‌ك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان و یه‌كیه‌تی شۆڕشگێڕان درێژ بكه‌ن كه‌ دیاره‌ ئه‌وان حازرن بۆ هاوكاری و هاوخه‌باتی تا ئه‌و جێگایه‌ كه‌ له‌ ڕاگه‌یاندن و هه‌ڵۆێسته‌ ئاشكراكانیان دا دیاره‌.

به‌داخه‌وه‌ كاك عه‌بدوڵا موهته‌دی به‌هوی خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌لاح موهته‌دی موشاوری ڕه‌سمی مام جه‌لال تاڵه‌بانی و دوستایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان و ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كیه‌تی یارمه‌تی زیاتر به‌وان ئه‌كا ، ئه‌یه‌وی هه‌له‌كه‌ بگۆازیته‌وه‌ به‌ قازانجی خۆیان و له‌و بۆشاێی یه‌ی كه‌ به‌هوی كێشه‌ ناۆخۆیه‌كانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران پێك هاتوه‌ كه‌ڵك وه‌رگرێ و ئه‌یه‌وی له‌گه‌ڵ ئیمریكایه‌كان ڕێك بكه‌وێ و ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌ ئیمریكا ته‌رخانی كردوه‌ به‌ر ئه‌وان كه‌وێ ، كه‌ بێ گومان له‌ داهاتو دا ئه‌توانن به‌كاری بێنن بۆ به‌ هێز كردنی خۆیان و وه‌گرتنی پێشمه‌رگه‌یه‌كی زوور و له‌و ڕێگایه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتی گۆڕه‌پانی ڕۆژهه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست .

من به‌ش به‌ حاڵی خۆم دژی پێوه‌ندی گرتن و هاوپه‌یمانه‌تی لایه‌نه‌ كوردیه‌كان نیم له‌گه‌ڵ ئیمریكا و هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ كه‌ قازانجێكی بۆ كورد و كێشه‌ سیایسی و سه‌ربه‌خۆیخۆازه‌كه‌ی دا بێ ، به‌ڵام باشترین و سه‌ركه‌وتوترین پێوه‌ندی ئه‌و پێوه‌ندیه‌ ده‌بێ كه‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان له‌ سه‌ر ئه‌ساسی پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل نوێنه‌ریان هه‌بێ بۆ پێوه‌ندی گرتن و له‌ پێوه‌ندیه‌كانیش دا داوا و داخۆاز و پروگرام و پێشنێاری هاوبه‌شیان هه‌بێ .

ئه‌وكاته‌ی كه‌ كاك سه‌لاحی موهته‌دی به‌ر له‌ دوو سێ سالێ ئه‌یه‌ویست ناوبژیوانی بكات له‌ نێوان كاك عه‌بدوڵا و هاوڕێكانی و كۆماری ئیسلامی ئێران دا كاك عه‌بدوڵا ئه‌گه‌ر به‌ ڕواڵه‌تیش بێ كۆبونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی بێ لایه‌ن و لایه‌ن دار ، دوست و ناسیاوی خۆیان گرت و ئه‌و پرسیاره‌ی خسته‌ به‌رده‌میان كه‌ ئایا كارێكی وا باشه‌ یان نا؟ كه‌چی ئێستا كه‌ هه‌ل و مه‌رج زور له‌وه‌ حه‌ساس تر و جیدیتره‌ و هه‌ر هه‌نگاوێك له‌ لایه‌ن هه‌ركام له‌ حیزب و گروپه‌كانی ڕوژهه‌ڵاته‌وه‌ هه‌ڵ بگیردرێ گرێدراوی چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌ كاك عه‌بدوڵا سه‌ربه‌خۆ سینگ ئه‌داته‌ پێش و ڕوو له‌و وه‌ڵاته‌ ئه‌كات كه‌ 25 ساڵی ته‌واو وه‌ك ئیمپریالیسم دوژمنایه‌تی كردوه‌ و به‌ ده‌یان بابه‌ت و به‌ هه‌زاران كه‌سی له‌ دژی ئه‌و سیستمه‌ په‌روه‌رده‌ كردوه‌.

ده‌با كاك عه‌بدوڵا و هه‌مو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ڕوژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ كار و كرده‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كانی باشور و به‌تایبه‌تی هه‌ڵه‌ و كه‌م و كۆڕیه‌كانی یه‌كیه‌تی و پارتی ده‌رس وه‌ر گرن و به‌ هه‌مان ڕێاگا دا نه‌چن.
050514

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home