كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Monday, June 06, 2005

سی ساڵ خه‌بات به‌ بێ هه‌ڵه‌ نابێ؟

سی ساڵ خه‌بات به‌ بێ هه‌ڵه‌ نابێ؟
هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان یه‌کێک له‌و هێزه‌ کوردانه‌یه‌ که‌ باس کردن و ناو هێنانی بیر و بیره‌وه‌ری ڕوژانی سه‌خت و دژوار و نائومیدی له‌ لای چینێک و بگره‌ دوو نه‌وه‌ی ئه‌م وه‌ڵاته‌ خۆشی نه‌دیوه‌ زیندو ئه‌کاته‌وه‌...
ئه‌وکاته‌ی که‌ سه‌دام حسین ئه‌یوت: ئه‌گه‌ر دار خۆرما له‌ سه‌ر ته‌پڵی سه‌ری من بڕوێ پێشمه‌رگه‌ له‌ چیاکانی کوردستان په‌یدا نابێته‌وه‌ ، مه‌فره‌زه‌ هه‌ژار و نه‌دار و برسی و بێ پشت و په‌ناکانی یه‌کیه‌تی ، به‌ڵام به‌ باوه‌ڕ و وه‌فادار به‌ ئارمانجی پێشکه‌وتنخۆازانه‌ و پشت گه‌رم به‌ گه‌له‌که‌یان سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه‌ و به‌ دروشمی یان کوردستان یان نه‌مان خه‌ویان له‌ چاوی داگیرکه‌ر زڕاند و هیوای کز و لاوازی گه‌لی شکه‌ستخۆاردوی کوردیان زیندو کرده‌وه‌.
دوای ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای خه‌بات له‌ پێناو ڕزگاری و نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ێی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر دوو باڵی کومه‌ڵه‌ له‌ ناو قه‌واره‌ی یه‌کیه‌تی نیشتمانی دا خۆیان ڕێک خست و هیوای بوژانه‌وه‌ و به‌رده‌وامی خه‌باتیان دایه‌ گه‌ل ، ڕویان له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان کرد و هاوکار و هاو خه‌باتی جوڵانه‌وی ڕزگاریخۆازانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان بون و وه‌ک هێزی پشتیوان ده‌سله‌ملانی چیاکانی ڕوژهه‌ڵاتی کوردستان بون و قاره‌مانه‌تیان تومار کرد و گیانی کوردایه‌تی و کوردستانی بونیان خۆڕاگرتر ‌کرد که‌ ئێستا و هه‌تا هه‌تایه‌ لاپه‌ڕه‌ی زێڕینی میژوی گه‌له‌که‌مانه‌..
ئه‌وکاتانه‌مان له‌ بیره‌ که‌ داستانی ڕزگاری تومار ئه‌کرا و به‌فر گڕی ئه‌گرت و هێزه‌کانی داگیر که‌ر به‌ هه‌مو پۆشته‌ و په‌رداخی خۆیانه‌وه‌ و به‌ پاڵپشتی توپ و تانک و ته‌یاره‌ توانای خۆڕاگریان نه‌بو و له‌ به‌رانبه‌ر شاڵاوی هه‌ڵوکانی گه‌رمیان و قه‌ره‌داخ و خانه‌قین و ... ئارامیان لێ بڕابو...
بێگومان یه‌کیه‌تی نیشتمانی و خه‌باتی نوێی گه‌له‌که‌مان له‌ باشوری کوردستان له‌ 1975 دا له‌ سه‌ر ئه‌ساسی سه‌داقه‌ت ، پاکی ، کوردایه‌تی ، ئازادی ، دیموکراسی و خزمه‌ت کردن به‌ گه‌ل و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان دامه‌زرایه‌وه‌ و له‌ سه‌ر ئه‌و ئه‌ساس و ئه‌سڵ و بڕوایه‌ش به‌ هه‌زاران مروڤی شوڕشگێڕ و فیداکار کۆڵنه‌ده‌رانه‌ گێانیان به‌خت کرد و سه‌ریان بۆ داگیرکه‌ر شوڕ نه‌کرد...
30 ساڵ ته‌من له‌ مێژو دا دڵوپێکه‌ له‌ ده‌ریا به‌ڵام بۆ خه‌باتێکی دژوار و نابه‌رابه‌ر و جوڵانه‌وه‌یه‌ک له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌نفال و و شیمیاێی به‌عس دا به‌ قه‌د باڵای 300 ساڵه‌ و به‌ هه‌زاران فیلمی له‌سه‌ر دروست ئه‌کرێ ، به‌ هازاران کتێبی له‌سه‌ر ئه‌نوسرێ ، به‌ ملیون ناوی بێ ناونیشانی تێدا ئه‌دوزرێته‌وه‌ و به‌ هه‌زاران گوندی بێ ئاسه‌وار له‌ توێی دا ئه‌بوژێته‌وه‌..
لێره‌دا ئه‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ ئه‌م 30 ساڵه‌ ته‌نیا سه‌روه‌ری و قاره‌مانه‌تی نیه‌ ، به‌ڵکو پڕه‌ له‌ که‌مو کۆڕی و لادان و چه‌واشه‌کاری..
هه‌ر ئه‌و هێزه‌ ئازا و نه‌به‌زه‌ کاتێک له‌ قڕناقه‌ و پشت ئاشان بۆ ئه‌وه‌ی چرا سه‌وز به‌ به‌عس نیشان بده‌ن کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێکی شوڕشگێر و لێقه‌وماویان قه‌تڵ وعام کرد له‌ پیروزی خۆیان که‌م و جیاوازی نێوان خۆیان و دوژمنه‌که‌یان که‌م کرده‌وه‌ .
کاتێ هێزی پشتیوان خۆی بو به‌ خاوه‌ن پشت، هێزه‌کانی هاوپه‌یمانی شاخی خۆیانیان له‌ گۆشه‌ و که‌نار په‌ستاوت و به‌ ده‌یان له‌و خه‌ڵکه‌ خه‌باتگێڕ و لێ قه‌وماوه‌یان به‌ ناڕه‌وا شه‌هید کرد و وه‌ک دیاری پێشکه‌شی داگیرکه‌ره‌ ئێرانیه‌کانان کردنه‌وه‌...
ئه‌و هێزه‌ی که‌ ڕۆژێ له‌ ڕۆژان به‌ پێخۆاسی و برسیه‌تی و جل دڕاو‌ی ته‌نیا ئامانج و هیوایان ئازادی کوردستان له‌ بن ده‌ستان بو، ئه‌مڕو دوای هاتنه‌وه‌ ناوخه‌ڵک مروڤ نایان ناسێته‌وه‌ ، له‌ دابه‌ش کردنی پارله‌مان و خۆکۆژیه‌وه‌ بگره‌ تا ڕاوه‌ کوردی ڕۆژهه‌ڵات خۆیان نه‌بوارد له‌ پێناو وه‌ده‌س خستنی ماڵ و پوڵ و مه‌نسه‌ب دا...
ئێستا که‌ یادی 30 ساڵه‌ی یه‌کیه‌تی نیشتمانی ئه‌کرێته‌وه‌ مروڤ نابیسێ که‌ ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌ سیاسی عه‌سکه‌ریه‌ که‌ 30 ساڵی ته‌وا له‌ ئاڵوزترین مه‌ڵبه‌ندا ژیاوه‌ هه‌ڵه‌یه‌کێ کردبێ و جارێ له‌ جاران له‌ خه‌ت لای دابێ.
به‌ باوڕی من باشتر ئه‌وه‌ بو که‌ یه‌کیه‌تی نیشتمانی بوێرانه‌ به‌ چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ ئه‌م 30 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی خۆی شی بکردایه‌ته‌وه‌ و له‌ باس کردنی ڕاستیه‌کان نه‌ترسایه‌....
ئه‌وه‌ی که‌ یه‌کیه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌ حه‌ساسه‌ دا چه‌ندین ڕۆژه‌ هه‌را و هوریای دامه‌زراندنی خۆیه‌تی ئه‌یتوانی له‌ یه‌ک ڕۆژا بیکردیه‌ و شێوه‌یه‌کی شارستانی و هاوچه‌رخی ده‌بو و ئه‌و ڕۆژه‌‌کانی دیکه‌ی دانایه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی خه‌باتی 30 ساڵه‌ی خۆیان و جوڵانه‌وه‌ی کورد له‌ باشور به‌ گشتی...
بریا سه‌ران و کاربه‌ده‌ستان و مشه‌خۆران و کۆنه‌ ...نه‌کانی ئێساتی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان به‌ وردی چاویان له‌ دیکومێنته‌ فیله‌مه‌کانی هێرو برایم ئه‌حمه‌ ئه‌کرد که‌ له‌ سه‌رده‌م و کاتی پاکی و وه‌فاداری و فیداکاری شاخ دا تۆماری کردون و به‌ خۆیان دا بچوبانه‌وه‌ و له‌مه‌ زیاتر له‌ گه‌له‌که‌یان دوور نه‌که‌وتایه‌نه‌وه‌ و لانی که‌م پاک و خاوێنی شاره‌که‌یان بپاراستایه‌...
ئه‌و کۆشک ته‌لارانه‌ی که‌ به‌ خۆێنی شهیدان و ئه‌نفالکراو و گونده‌ ۆێران کراوه‌کان دروست کراون و به‌ سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژار و خاوه‌ن قوربانی دا پۆزیان پێ لێ ئه‌ده‌ن تا سه‌ر نابن بۆ که‌س ، دوور مه‌ڕوانن سه‌دام حسین( ناوتان لێک دوور بێ) نمونه‌یه‌کی زیندوه‌ که‌ زوور له‌ ئێوه‌ زیاتر کۆشک و ته‌لاری هه‌بو به‌ڵام له‌ کونه‌ مشکێک دا ده‌ریان هێا ... وا مه‌که‌ن که‌ کۆشکه‌کانتان به‌ سه‌ردابڕوخێ و گه‌لتان لێ توڕه‌ بێت ده‌نا کۆشکه‌کانتان ژێره‌و ژور ئه‌که‌ن...
منیش له‌ لایه‌ن خۆمه‌وه‌ پیروزباێی له‌ دامه‌زراندنی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان ئه‌که‌م به‌ڵام تا ساڵی 1981 له‌وه‌ به‌دوا که‌موو زوور تا 1992 و له‌ کاته‌ به‌ دواوه‌ من به‌ دوای یه‌کیه‌تی نیشتمانی دا ئه‌گه‌ڕێـم...
050603
hiwagol@hotmail.com

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home