كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Thursday, June 16, 2005

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری ئێران ساخته‌یه‌

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری ئێران ساخته‌یه‌
هیوا گوڵمحه‌مه‌دی

بیست و پێنج ساڵه‌ کۆماری ئیسلامی ئێران هاتوه‌ته‌ سه‌ر حوکم و هه‌شت جار سه‌رۆک کۆمار هه‌ڵبژێردراوه‌، به‌ڵام کورد به‌شی ته‌نێا لێدان ، کۆشتن ، به‌ندکردن ، هه‌ڵواسین ، ڕاونان و ماف زه‌وت کردن بوه‌ و هه‌یه‌ و تا ئه‌م سیسته‌مه‌ش ده‌سه‌ڵات دار بێ به‌رده‌وام ده‌بێ‌.
کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ هه‌ر هه‌شت سه‌رۆک کۆماره‌که‌یه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر گه‌لی کورد که‌ ژماره‌یان له‌ شه‌ش ملیون زیاتره‌ ، خاوه‌ن یه‌ک هه‌ڵویست بوون و ئه‌وه‌ش چاوله‌ده‌س و بێده‌نگ کردن بووه‌...
به‌نی سه‌در که‌ پێشکه‌وتوترین سه‌رۆک کۆماری دوای ڕوخانی شا بو، ئاماده‌ بو خۆی ڕاسته‌و خۆ له‌ کۆشتاری گه‌لی سه‌ر هه‌ڵداوی کوردا به‌شدار بێ و فه‌رمانی دایه‌ ئه‌رته‌ش که‌ هه‌تا سه‌رکوت کردنی سه‌رتاسه‌ری گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پشۆ نه‌ده‌ن و پێڵاوه‌کانیان له‌ پێ ده‌رنه‌هێنن...
له‌ کۆماری ئیسلامی ئێران دا سیسته‌م توتالیته‌ری مه‌زهه‌بیه‌ و سه‌رۆک کۆمار له‌ دیکۆریک زیاتر نیه‌ ، هه‌ر بویه‌ هات و هاواری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری ته‌نیا بۆ فریودانی خه‌ڵک و نیشاندانی ڕویه‌کی ته‌زویره‌ به‌ خه‌ڵکی جیهان که‌ گویا ئه‌وان بڕوایان به‌ ئارای خه‌ڵک هه‌یه‌ و گه‌لیش ده‌نگێان پێ ئه‌دا و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌لیه‌...
بێگومان کۆماری ئیسلامی ئیران هیچکاتێ مافه‌ دیموکراتیک و نه‌ته‌ه‌ویه‌کانی گه‌لی کوردی قه‌بوڵ نه‌کردوه‌ و له‌ کوردستان دا بێجگه‌ له‌ هێزی سه‌ربازی و دامه‌زراندنی پێگه‌ و باره‌گای له‌شکری زیاتر هیچی دیکه‌ی نه‌کردوه‌ ...
بیست و پێنج ساڵه‌ کۆماری ئیسلامی ڕێگه‌ی به‌ گه‌لی کورد نه‌داوه‌ که‌ ده‌نگ بدات چی ده‌وێ و یه‌ک قوتابخانه‌ی کوردی نه‌کرد‌وه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی ئاوه‌دانی کوردستانی نه‌داوه‌ و بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ گه‌شه‌ کردنی ئابوری ته‌رخان نه‌کردوه‌ و ...
ئێستا که‌ پێگه‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی هه‌م له‌ ناوخۆ و هه‌م له‌ ده‌روه‌ لاواز و گه‌لی کورد به‌ ئاشکرا دژایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م سیسته‌مه‌ داگیرکه‌ره‌ ده‌ر ئه‌بڕێ ، که‌وتوه‌ته‌ پیلانگێڕان و به‌ هێنانه‌ مه‌یدانی که‌سانێک به‌ ناوی ڕێفورمخوازه‌وه‌ ئه‌یه‌وێ فێڵ له‌ گه‌له‌که‌مان بکات..
موعین که‌ یه‌کیك له‌ پاڵێوراوانی سه‌رۆک کۆماریه‌ ڕوی که‌ کوردستان کردوه‌ و ئه‌یه‌وێ به‌ دانی به‌ڵێنی بریقه‌دار کارێکی وا بکات گه‌لی کورد به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکه‌ن و ده‌نگیش بده‌نه‌ ئه‌و...ناوبراو له‌ مه‌هاباد چوه‌ته‌ سه‌ر گۆڕی پێشه‌وا قازی مه‌حه‌مه‌د و ناودارانی ئه‌و باژێڕه‌ و فاتێحای بۆ خۆێندون....
ئاغای موعین که‌ چه‌ند ساڵ وه‌زیری فه‌رهه‌نگی ئێران بوه‌ و یه‌کێک له‌ کاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رزی حکومه‌تیش بوه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م بیست و پێنج ساڵه‌ دا جارێ ئه‌و هه‌مو جرم وجینایه‌تانه‌ی نه‌دیت که‌ ده‌سه‌ڵاتدارنی ئێرانی له‌ کوردستان دا ئه‌نجامیان داوه‌ و بیری له‌وه‌ نه‌کردوه‌ته‌وه‌ که‌ شه‌ش ملیون مروڤ حه‌قی خۆیانه‌ به‌ زمانی خۆیان بخۆێنن که‌ سه‌ره‌تایترین مافی گه‌لانه‌...
گه‌لی کورد نه‌ بڕوای به‌ کۆماری ئیسلامی هه‌بوه‌ و نه‌ بڕواشی پێیه‌ و نه‌ ده‌نگیش به‌و که‌سانه‌ ئه‌دات که‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ کۆنه‌په‌ره‌سته‌ توتالیته‌ره‌ ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ خۆیان و گه‌ل دا درو بکه‌ن...
هه‌ڵبژاردن له‌ ئێران دا ساخته‌یه‌ و کێ ده‌بێته‌ سه‌رۆک کۆمار بلا ببێ ، ئه‌وه‌ی گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کین و مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی خۆمان ئه‌ۆێ .
050615
hiwagol@hotmail.com

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home