كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Friday, October 13, 2006

Runkrdnewe

روونکردنه‌وه

دکتۆر روئیا تلوعی
ئه‌ندامی رێکخراوه‌ی ژنانی کوردی پارێزه‌ری مافی مرۆڤ و ئاشتی

به‌داخه‌وه‌ به‌ڕێوبه‌رانی به‌ڕێزی سایتی رێنسانس بێ‌لێکۆڵینه‌وه‌ ،هه‌واڵێکی ناڕاستیان سه‌باره‌ت به من بڵاو کردۆته‌وه‌ که‌ گوایه من بوومه‌ته‌ راوێژکاری ره‌زای په‌هله‌وی. ئه‌مه‌ جاری یه‌که‌م نییه و دوایین جاریش نابێت، که‌ تۆمه‌تی وا بڵاو ده‌بێته‌وه‌. ئه‌مه‌ درێژه‌ی ئه‌و زنجیره‌کارانه‌‌یه‌ که بۆ شکاندنی که‌سایه‌تیی من دژ به‌ من ده‌کرێ و ماڵپه‌ڕه‌کانیش بێ لێپێرسینه‌وه‌ ئه‌و جۆره بابه‌تانه بڵاو ده‌که‌نه‌وه.

من وه‌ک روئیای تلوعی راده‌گه‌ینم ئه‌م هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ راستی و ئه‌و وێنه‌‌یه‌ش که‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ هی کۆنفه‌رانسێکی رۆژنامه‌وانی له‌ ئه‌نتێرناشناڵ پرێس کلابی واشینگتۆنه‌، که‌ من و “نه‌سرین موحه‌مه‌دی”( خۆشکی ئه‌کبه‌ری موحه‌مه‌دی که‌ دوای مانگرتن له‌ خواردن له‌ زیندانی کۆماری ئیسلامی گیانی به‌خت کرد )، ” مینو هۆمه‌یلی”، “کورۆشی سیحه‌تی” ( چالاکی بزاڤی خوێندکاری) ، “ئه‌میر عه‌باسی فه‌خرئاوه‌ر” و چه‌ند که‌سی تر وه‌ک زیندانی سیاسی که‌ له‌ کاتی سه‌رۆک کۆماریی خاته‌می دا گیرابووین، تێدا به‌شدار بوین. ره‌زای په‌هله‌ویش له‌هه‌مان کۆنفرانسدا ئاماده بوو. ئه‌و کۆنفرانسه‌ دژ به‌ هاتنی خاته‌می بۆ ئه‌مریکا به‌رێوه‌ چوو. خاته‌می هاتبوو که‌ به‌ڕای خۆی ده‌نگێکی هێمن و خوازیاری وتووێژ له‌ کۆماری ئیسلامی هه‌ڵبڕێت و چۆن کڵاوی سه‌ر خه‌ڵکی ئێران نابوو ،ئاواش ئه‌مریکییه‌کان هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێ .

من له‌ نۆره‌ی وتاری خۆمدا وێنه‌ی تیرۆری شه‌هید "دکتۆر قاسملو" م پیشان ئه‌مریکاییه‌کان دا و وتم خوازیارن له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی وتووێژ بکه‌ن؟ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ڵامی وتووێژ! نه‌ته‌وه‌ی کورد چه‌ندین ساڵه‌ به‌ده‌ست ئه‌م رژیمه‌وه‌ ده‌چه‌وسێته‌وه‌. هه‌روه‌ها وتم هیچ جیاوازییه‌ک نێوان باڵی راست و چه‌پی رژیمی ئیسلامی نییه‌ . ئێوه‌ چ تریبوون بده‌ن به‌ خاته‌می چ به‌ خامنه‌یی جیاوازیی نییه‌. وێنه‌ی شوانه‌ی سه‌ید قادرم پیشان دان و وتم ئه‌وه‌ وه‌ڵامی خه‌ڵکی کورد بوو له‌ کاتی سه‌رۆک کۆماریی خاته‌می دا.

به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر ده‌ربڕینی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی گه‌لی کورد تاوان بێ دیاره‌ من ئه‌و تاوانه‌م کردوه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێک وێنه‌ی من له‌ نزیک ره‌زای په‌هله‌وی یان هه‌ر که‌سێکی تر بێ مه‌رج نییه‌ هۆکاری پیوه‌ندی سیاسی من و ئه‌و که‌سه‌ بێت. من له‌ هه‌ر شوێنێک و به‌ به‌شداری هه‌ر لایه‌نێک بێ باسی مافی ره‌وای نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌که‌م.له‌م رێگایه‌شدا مه‌ینه‌تی زۆرم کێشاوه‌ و ده‌ستبه‌رداریش نیم.

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ ، که‌ به‌داخه‌وه‌ کورده‌ و کوردووته‌نی:”دار پوازی له‌ خۆیه‌تی” هۆکاری نووسینه‌که‌ی دیاره و داستانێکی دوور و درێژه‌ که‌ له‌م چه‌ند دێڕه‌دا ناگونجێ ، به‌ڵام، “ته‌قی موختار” سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ئیرانیان بۆی ڕوون کردمه‌وه‌ کێ به‌ شوێن وێنه‌یه‌‌كی نزیکی من له‌ ره‌زای په‌هله‌وییه‌وه‌ بووه‌ .

لێره‌وه‌ بۆ چه‌نده‌مین جار به‌و کابرایه ده‌ڵێم من له‌گه‌ڵ رژیمێک به‌ شه‌ڕ هاتووم و لێی نه‌ترساوم، ئێستاش ئه‌م پرۆپاگه‌نده‌ بێ‌بنامایانه‌ نامترسێنێ و له‌و ڕێگه‌یه‌ی هه‌ڵمبژاردووه‌ پاشگه‌ز نیم. به‌هه‌رحاڵ دیاره‌ که له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ژن بوون زۆر دژواره‌ به‌ڵام، عه‌شقی من نه‌ته‌وه‌که‌مه‌ و به‌ هه‌ر شێوازێکی گونجاو داکۆکیم لێی کردووه‌ و ده‌یکه‌م. داوای لێبوردنیش له‌ خوێنه‌رانی به‌ڕێز ده‌که‌م که‌ ناچارم ئاوا بنووسم . جێی ‌داخه‌ بۆ ئێمه‌ی کورد که له‌ بری کێشه‌ هه‌ستییاره‌کانمان، ده‌بێ کاتی خۆمان بۆ وه‌ڵامی هه‌واڵی درۆ و ده‌له‌سه ‌به‌ فیڕۆ بده‌ین.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home