كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Monday, July 11, 2005

له‌ په‌ڕاوێزی ناومه‌یه‌کی فه‌لاحی بۆ مه‌حموود ئه‌حه‌مه‌د نژاد

له‌ په‌ڕاوێزی نامه‌یه‌کی فه‌لاحی بۆ مه‌حموود ئه‌حه‌مه‌د نژاد
مه‌حمود ئه‌حمه‌دنژادی مرۆڤێکی بکوژ و تاوانبارێکی دڵڕه‌ش!

له‌سه‌ر به‌ سه‌رکۆمار بوونی ئه‌حمه‌دینژاد و ڕابردوه‌که‌ی فره‌ نوسراوه‌و گه‌لێک گوتراوه‌. به‌ڵام وادیاره‌ هێشتا گه‌لێک نه‌گوتراو له‌ ڕابردو و پاشڵی پیس و گڵاوی ئه‌م تاوانباره‌ هه‌ن که‌ هێشتا به‌ نه‌زانراوی ماون. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رکۆماری نوێی ئێران که‌سێکی تێرۆریسته‌ و به‌شداری گه‌لێک تاوانی کردوه‌ و بۆخۆی یه‌کێک له‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و جێبه‌جێکارانی زۆر کاری تێرۆریستی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوه‌ زۆر گوتراوه‌ و هه‌ر ئێستا له‌ ئه‌وستریاو ئه‌ڵمانیا هه‌وڵی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ که‌ فایلی تێرۆری د.قاسملوو د. شه‌ره‌فکه‌ندی بژیه‌نرێته‌وه‌. ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ بینه‌رو ئاگادار هه‌ن که‌ بوونی ئه‌حمه‌دی نژاد له‌و کرده‌وانه‌دا پشت ڕاست ده‌که‌نه‌وه‌. له‌و لایدیکه‌شه‌وه‌ بارمته‌کانی ئه‌مباسی ئه‌مریکا که‌ له‌سه‌ره‌تای ڕوخانی ڕژیمی شایه‌تی گیران باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌و سه‌رۆککۆماره‌ نوێیه‌ی ئێران یه‌کێک له‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و ته‌نانه‌ت لێکۆڵه‌ره‌وانی ئه‌و بارمته‌ گرتنه‌‌ بووه‌.

ئه‌و نامه‌ی لێره‌دا وه‌رگێڕدراوه‌که‌ی و وێنه‌که‌ی بڵاوده‌کرێته‌وه‌ ڕاستیه‌کی دیکه‌ ده‌ر ده‌خات که‌ ئه‌و به‌ناو مرۆڤه‌ کوژه‌ری سه‌دان که‌س بوه‌ و له‌ به‌ندیخانه‌ و چاڵه‌ڕه‌شه‌کانی کۆماری ئیسلامیدا بکوژو ببڕ بۆ خۆی بوه‌. ئه‌گه‌ر خاڵخاڵی تاوانبار زۆربه‌ی تاوانه‌کانی ئاشکرا بوون و شانازی پێوه‌ده‌کردن به‌ فه‌رمانی ئیمام و ئه‌رکی دینی ده‌زانی و هه‌تا مردیش ئه‌وه‌ی کردبووی حاشای لێنه‌کرد، به‌ڵام ئه‌حمه‌دی نژادی کوژه‌ر، ڕابردوه‌که‌ی و تاوانه‌کانی که‌متر به‌ده‌ره‌وه‌ بوون و ئێستا که‌ کردویانه‌ته‌ سه‌رۆکی کۆمار حاشا له‌و تاوانانه‌ ده‌کات. به‌ڵام په‌تی درۆیان کورته‌و حاشاکردن و په‌رده‌پۆشکردن ناتوانێ بۆ هه‌میشه‌ ڕوی ڕاستینه‌و دیمه‌نی دزێوی تاونباران بشارێته‌وه‌. نوکه‌ که‌ گیشتۆته‌ لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵات ورده‌ورده‌ به‌ڕه‌ له‌سه‌ر تاوانه‌کانی هه‌ڵده‌درێته‌وه‌ و دیمه‌نی ڕاستینه‌ی زیاتر بۆ بیروڕای گشتی ئاشکرا ده‌بێت.

وه‌ک له‌م نامه‌دا به‌دیار ده‌که‌وێ سه‌دان که‌س له‌ چالاکانی سیاسی و تێکۆشه‌رانی ئازادیخوازی ئێعدامکردوه.‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئێعدام کردنی زیاتر له‌ حه‌وسه‌د که‌س له‌ پاشماوه‌کانی ڕژیمی پاشایاتی. خودیی نامه‌که‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تاوانبار عه‌لی فه‌لاحیان گه‌لێکی به‌شان شه‌وکه‌تیدا هه‌لداوه،‌ ڕاشی ده‌سپێرێ که‌ 360 که‌سی دیکه‌ له‌ تێکۆشه‌رانی سیاسی و خه‌باتکارنی دژی ڕژیم له‌ ماوه‌ی پێنج ڕۆژدا ئێعدام بکات و هه‌ر له‌و پێنج ڕۆژه‌شدا فایل و به‌ڵگه‌یان بۆ بسازێنێ و پاشان بیانکوژێ و گولله‌‌ی کۆتایی گیانستاندنیان لێدا. ئه‌مه‌ش به‌شانازییه‌کی گه‌وره‌ بۆ تاوانبارانی وه‌ک ئه‌حمه‌دی نژاد ده‌قه‌بڵێنێ.

دیاره‌ قوماشی وه‌ک فه‌لاحیان و ئه‌حمه‌دی نژاد و ڕه‌فسه‌نجانی و گشت سه‌ره‌ وردو درشته‌کانی کۆماری ئیسلامی تاوانبارن. ئه‌و نه‌هامه‌تی و ڕۆژڕه‌شیانه‌ی که‌ بۆته‌ به‌شێک له‌ ژیانی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران ئه‌وان لێی به‌رپرسیارن و ده‌یان هه‌زار که‌س له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی ئه‌و مێزه‌ر به‌سه‌رانه‌دا ئێعدامکراون و ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازار دراون و تێرۆرکراون. ئه‌مانه‌ ناکرێ که‌سێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران چوبێ کردبێتی. بێگومان لایه‌کیان حوکمی داوه‌و لایه‌که‌ی دیکه‌ جێبه‌جێی کردوه‌. جا ئه‌وڕۆ ئه‌وه‌ی کوژه‌رو تاوانبارو مرۆڤ کوژ بوه، یان ئه‌ندامی به‌ناو پارلمانه‌، یان وه‌زیرو گزیره‌ و یانیش له‌ شانۆگه‌ریه‌کی به‌ناوی هه‌ڵبژاردن ده‌کرێته‌ سه‌رکۆمار.

ئه‌وه‌ی که‌ هیچ گومانی تێدا نیه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ دیاریکردنی تاوانبارانی وه‌ک ئه‌حمه‌دی نژاد بۆ سه‌رۆککۆماری و یه‌کلا بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان توێژی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری به‌ناو چاکسازی خوازو کۆنه‌پارێزاندا زیاتر ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی کورت ده‌بێته‌وه‌. باڵی به‌ناو ڕێفۆرمخواز له‌ ڕاستیدا ته‌مه‌نی ئه‌و ڕژیمه‌یان درێژکرده‌وه‌و گومان و دودڵیان له‌ ناو خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتووی ئێراندا بڵاوکرده‌وه‌ که‌ گوایه‌ له‌ ناو ئه‌و ڕژیمه‌شدا له‌ ڕێگای یاساو دیالۆگی شارستنیانه‌وه‌ ده‌کرێ گۆڕانکاری بکرێ. دوا شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردن ئاوێکی پاکی به‌ده‌ستی ئه‌وانه‌دا کرد که‌ پێیان وابوو ده‌کرێ له‌و ڕژیمه‌دا به‌‌بێ به‌کارهێنانی زۆر داخوازییه‌کان وه‌دیی بێن و چاکسای و ڕێفۆرمی سیاسیش پێک بێت. ئه‌مڕۆ ئیتر هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداران مرۆڤ کوژو تاوانبارو دوژمن به‌ مرۆڤایه‌تین و له‌ پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیاندا ده‌ست ده‌به‌ن بۆ هه‌ر ئاکارێکی دزێوو دڕندانه‌. له‌به‌رامبه‌ردا جه‌ماوه‌ریش زیاتر ڕک ئه‌ستوور ده‌بن و خه‌باتکاران و ئازادیخوازانیش فره‌تر ناچار ده‌بن ڕیزه‌کانی خۆیان یه‌کبه‌خه‌ن و سه‌ره‌نجام ته‌خت و به‌ختی ڕشی ده‌سه‌ڵاتداران تێکه‌وه‌پێچن.

بارودۆخه‌ به‌جۆرێکه‌ که‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ پێی شه‌رمه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک مرۆڤ کوژو تاوانباردا هه‌ڵسوکه‌ت بکات و ئه‌م ڕژیمه‌ ئیتر ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌ما که‌ به‌ناوی چاکسازی و رێفۆرمه‌وه‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ به‌سه‌ریا بکرێته‌وه‌و مه‌وداو ده‌رفه‌تی ده‌مامک له‌سه‌ر نان به‌سه‌ر چوه‌. ئه‌مڕۆ ڕژیم زیاتر له‌ هه‌میشه‌ ڕاستینه‌ی خۆیا ده‌رخستوه‌.

ماوه‌ بڵێم که‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ به‌رده‌م تاقیکاریه‌کی مێژووییدایه‌و ده‌رفه‌ت و قۆناخه‌که ده‌خوازن که‌ هێزه‌ سیاسیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له‌جیاتی ناکۆکی نێۆخۆیی حزبه‌کانیان و له‌ نێوان حزبه‌کاندا له‌ بیری پێکه‌وه‌نانی ساباتێکی کاری هاوبه‌شدا بن. پێویسته‌ ئه‌م دۆخه‌ بناسن و گوێی لێنه‌خه‌وێنن. گه‌ره‌که‌ گشت لایه‌ک ده‌ست له‌ ده‌سه‌ڵاتخوازی و به‌رژه‌وه‌ندخوازی تاکه‌که‌سی و تاقمی هه‌ڵگرن و بکه‌ونه‌ خۆ بۆ یه‌کخستنی وزه‌و تواناکان و ناوه‌ندێکی هاوکاری و کاری هاوبه‌ش پێکبهێنن بۆ دیاریکردنی ئه‌رک و ستراتیژی ئه‌مڕۆیی و هه‌نگاونانی پێکه‌وه‌‌یی. ئه‌مه‌یه‌ ئه‌رکی یه‌که‌می حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات نه‌ک پێکهێنانی به‌ره‌ له‌گه‌ڵ هێزو حزبه‌ ئێرانیه‌کان به‌ نه‌ته‌وه‌کانیشه‌وه‌. له‌ ڕاستیدا پێویسته‌ هێزه‌‌ کوردییه‌کان له‌ پێش هه‌موو شتێکدا ڕیزه‌کانی خۆیان یه‌کخه‌ن و پاشان به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌کان دروست بکه‌ن.
گه‌لۆ تۆ بڵێی کاتی" ده‌م له‌جه‌رگی یه‌کخستن" به‌سه‌ر نه‌چوبێ؟

له‌م نامه‌یه‌دا گه‌لێک لایه‌نی که‌سایه‌تی "سه‌رکۆمار" به‌دیار ده‌که‌وێ.

*****
ده‌قی نامه‌ی عه‌لی فه‌للاحیان شالیاری زانیاری بۆ مه‌حموود ئه‌حمه‌د نژاد

زۆر نه‌هێنی
ئاڕمی کۆماری ئیسلامی ئێران
شالیاره‌تی زانیاری(اطلاعات)

ژماره‌: 1796 / 1
ڕێکه‌وت:16/10/74
هاوپێچ: 1 په‌ڕ

سه‌رداری ئازای ئیسلام مه‌حموودی ئه‌حمه‌دی نژاد
سڵاوتان لێبێ
به‌پێی نامه‌ی ژماره‌ 216ی ڕێکه‌وتی 16/08/1374ی فه‌رمانده‌یی به‌ڕێزی جه‌نگه‌ ناڕێکه‌کان، سه‌باره‌ت به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموون و توانایی به‌ڕێزتان له‌ به‌ندیخانه‌ی ئه‌وین له‌ لایه‌نی ئێعدامی شۆڕشگێڕانه‌ی ژماره‌یه‌ک له‌ چالاکانی سیاسی و دژی شۆڕش و به‌ هۆی ڕابردووی پڕشنگداری به‌ڕێزتان له‌ ئێعدامکردنی 702 که‌س له‌ پاشماوه‌کانی ڕژیمی چه‌وسێنه‌ری شایه‌تی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کاندا، جه‌نابتان ڕاده‌سپێردرێن که‌ خۆ بگه‌‌یه‌ننه‌ به‌ندیخانه‌ی ئه‌وین و له‌ماوه‌ی 5 ڕۆژداو پاش گه‌یشتنی ئه‌م نامه‌ 360 که‌س له‌ ده‌ست پێوه‌ندی سیاسی و تێکده‌ر له‌ ناو داموده‌زگاکاندا که‌ لیسته‌که‌یان هاوپێچ کراوه‌، پاش لێوه‌رگرتنی دیانپیانان و په‌روه‌نده‌(فایل- دیکۆمێنت)چێکردن بۆیان ئێعدامی شۆڕشگێڕانه‌ بکه‌ن.

بێگومان لێدانی گولله‌ی گیانستاندن له‌ لاده‌ران(منافقان) و ده‌ستدرێژیکه‌ران(تعدی گران) بۆ سه‌ر مافه‌کانی حزب اڵله‌ سه‌رکه‌وتنێکه‌ که‌ هه‌ر به‌باڵای به‌نده‌ باش و خاوێنه‌کان ده‌بڕێ.

شالیاری زانیاری
عه‌لی فه‌للاحیان

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home