کلتوری کوردیی-ئیسلامیی و دیارده‌ی توندوتیژی و تیرۆریزم
کلتوری کوردیی-ئیسلامیی و دیارده‌ی توندوتیژی و تیرۆریزم
خوێندکاری دکتۆرا له به‌شی توێژینه‌وه نێونه‌ته‌وه‌یی له زانکۆی ساوس ئوسترالیا
ماوه‌یه‌که له کوردستان و له ده‌ره‌وه زۆر بابه‌ت له‌سه‌ر دیارده‌ی تیرۆریزم و توندوتیژی له کوردستان ده‌نوسرێت، گفتوگۆ‌و کۆڕ‌و سیمیناری له‌سه‌ر ده‌به‌سترێت، پێشنیازی زۆریش له‌سه‌ر شێوازی بهرانگاربوونهوی ئه‌م دیارده‌یه ده‌خرێنه به‌رباس و لێکۆڵینه‌وه. ئه‌وه‌ی من زۆر به زه‌قی هه‌ستیپێده‌که‌م خۆ لادانه له هۆکار و پاڵنه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه. من لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م تا بۆمبکرێت بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا و بێ دوودڵی خۆیان له قهرهبدهم. مه‌به‌ستیشم له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کان رۆڵی ئایین و ده‌سه‌ڵات و کلتوری زاڵ و سیسته‌می په‌روه‌رده‌یه. به‌تایبه‌تی ئایین و ده‌سه‌ڵات که به داخه‌وه هه‌ردووکیان بوونه‌ته دوو کایه‌ی "بڤه" له کوردستان.
پێموایه په‌یوه‌ندییه‌کی قوڵ له‌نێوان توندوتیژی وه‌ک دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و تیرۆریزم وه‌ک دیارده‌یه‌کی سیاسیی هه‌یه. ده‌توانین بڵێین که تیرۆریزم فۆرمێکی باڵای توندوتیژییه یان به شێوه‌یه‌کی دیکه تیرۆریزم زاده‌ی توندوتیژییه. بۆیه لێره‌دا به جووته جارجاریش به تێکهه‌ڵکێشراوی دخرێنه به‌ر گفتوگۆ و لێکۆڵینه‌وه.
سه‌ره‌تا با به‌کورتی پێناسه‌یه‌کی هه‌ردوو چه‌مکی توندوتیژی و تیرۆر یان تیرۆریزم ده‌که‌ین. به‌شێوه‌یه‌کی ساده توندوتیژی بریتییه له هه‌ر کارێک یان قسه‌یه‌ک که هه‌ستی که‌سێکی دیکه یان جه‌سته‌ی ئازار بدات، به‌تایبه‌تی ئه‌و کار و قسانه‌ی که کاریگه‌ریی درێژخایه‌نیان هه‌یه و مه‌به‌ستێکی پێشوه‌ختی له‌پشته‌وه‌یه. تیرۆر terror وشه‌یه‌کی فه‌ره‌نسی کۆنه، یه‌که‌مجار له سه‌ده‌ی چوارده‌هه‌م به‌کارهاتوه، له وشه‌ی terrere ی لاتینی وه‌رگیراوه که مانای ترساندن یان تۆقاندن ده‌گه‌یه‌نێت. تیرۆریزم بریتییه له خوڵقاندنی ترس و تۆقاندن به‌مه‌به‌ستی هێنانه‌دی گۆڕانکاریی سیاسیی. واته، تیرۆر تاوانێکه که ئامانجێکی سیاسی له پشته‌وه بێت. ئه‌نجامده‌ری کارێکی تیرۆریستی ده‌کرێ تاکه که‌س، رێکخراوێکی سیاسی یان کۆمه‌ڵایه‌تی یان ئایینیی بێت، یان ئه‌وه‌تا ده‌وڵه‌ت بێت. کاره تیرۆریستییه‌کان هه‌ندێجار به ئه‌نجامدانی چالاکییه‌ک کۆتای‌یان پێدێت و هه‌ندێجاریش به‌رده‌وام ده‌بن و چه‌ندان چالاکی له‌خۆده‌گرن و به‌شێوه‌ی جیاجیا ئه‌نجامده‌درێن. ده‌کرێ جۆری یه‌که‌میان به تیرۆریزمی تاکه‌که‌سی (فه‌ردی)و جۆری دووه‌میان به تیرۆریزمی رێکخراو ناوببه‌ین. تیرۆریزمی رێکخراو، به‌گشتی، ده‌زگایه‌ک یان چه‌ندین ده‌زگای تایبه‌تی سه‌ر به ده‌وڵه‌تێک یان رێکخراوێک ئه‌نجامیده‌ده‌ن. بوونی ئامانجێکی سیاسی و ده‌ستنه‌پاراستن و ره‌شه‌کوژی و تۆقاندن خسڵه‌تی هه‌ره سه‌ره‌کی کاری تیرۆریستین. لهپاڵئهمانه، تیرۆریستان هه‌میشه به‌دوای خاڵه لاوازه‌کانی دوژمنه‌کانیاندا ده‌گه‌ڕێن و ده‌یانه‌وێت چالاکییه‌کانیان ده‌نگۆی زۆری لێپهیدا بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی زه‌ره‌رو زیان، مرۆیی بێت یان ئابوریی یان ده‌روونی.
مێژووی تیرۆریزم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تایی په‌یدابوونی کێشه سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌کان له‌نێوان ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه مرۆییه‌کان. ئه‌گه‌ر وه‌ک دیارده‌یه‌کی ئه‌م ڕۆژگاره‌ش باس له تیرۆریزم له کوردستان بکه‌ین، ئه‌وه ده‌کرێ هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆریزم و توندوتیژی بگێڕینه‌وه بۆ کۆمه‌ڵێک هۆ که په‌یوه‌ندییان به ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و ئایینی ئیسلام و کلتوری باو و سیسته‌می په‌روه‌رده‌ییه‌وه هه‌یه، ئه‌وه بێجگه له چه‌ند هۆکارێکی ده‌رکی. من له‌م باسه‌دا وام پێباشه په‌نجه له‌سه‌ر هۆکاره ناوه‌کییه‌کان دانێم و به هۆکاره ئایینییه‌کان ده‌ست پێبکه‌م.
ئاینیی ئیسلام و توندوتیژیی
ئاشکرایه که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئیسلامییه، له‌به‌رئه‌وه، ده‌مه‌وێت ئاماژه‌یه‌کی خێرا به مێژووی تیرۆر له‌ناو موسڵمانان بکه‌م. ده‌بێ له‌سه‌ره‌تا ئه‌و راستییه بدرکێنین که ئیسلام وه‌ک ئایین له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خێڵه‌کی له دایکبوو، بۆیه هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک به‌ها و پراکتیزی خێڵه‌کیی عه‌ره‌بییه. هه‌روه‌ک زانای کۆمه‌ڵایه‌تیی عه‌لی وهردییش ئاماژه‌ی پێکردووه، یه‌کێک له پرینسیپ و به‌ها هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه خێڵه‌کیه‌کان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه، ئه‌م پرینسیپه له‌خۆیدا کێشه سیاسییه‌کان به‌ره‌و ئاقاری تیرۆرکردنی دژه‌کان په‌لکێشده‌کات. ئه‌وه‌ش ده‌کرێ به‌هۆیه‌کی هه‌ره‌سه‌ره‌کی گه‌شه‌کردنی دیارده‌ی تیرۆر له مێژووی موسڵماناندا دابنرێت. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ده‌قه ئایینییه‌کانی ئیسلام له پێش هه‌موویانه‌وه قورئان ده‌یان ئایه‌تی تێدایه که راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ پاساوی کوشتنی ئه‌وی دی (الاخر) ده‌دات. بۆنمونه له سوره‌تی ته‌وبه هاتووه "وهل ئه‌وانه‌دا بجه‌نگن که به خودا‌و رۆژی سه‌ڵا بێباوهڕن و هه‌رچی خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا به ڕه‌وایان زانیوه، ئه‌مان به ناڕه‌وای ده‌زانن و نایه‌نه سه‌ر دینی راستیش، تا ئه‌و کاته‌ی به زه‌لیلی و به ده‌ستی خۆ، سه‌رانه‌ی خۆ (خۆیان) به‌نگۆ ده‌ده‌ن" (قورئان 9: 29).
لهپاڵئهمهش عوله‌ما و فوقه‌هاکانی موسڵمانان دنیایان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شکردوه، ماڵی ئاشتی و ماڵی شه‌ڕ (دار السلام ودار الحرب). به‌گوێره‌ی ئه‌م تێڕوانینه، مه‌به‌ست له "ئه‌وی دی" نا موسڵمانانن یان هه‌ر که‌سێک له‌گه‌ڵ خه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وان نه‌گونجێت. نمونه‌ی ئێجگار زۆر له مێژووی موسڵمانان هه‌یه که بهێنرێنه‌وه بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که مێژووه‌که‌یان تا بن باڵ غه‌رقی تیرۆره. له سه‌ره‌تای دروستبوونی کێشه سیاسییه‌کان له‌ناو موسڵمانان، تیرۆر وه‌ک ئامرازێک بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان ده‌ستی بۆ بردراوه. بۆنمونه، کوشتنی سیان له چوار خه‌لیفه‌کانی راشدیین. مه‌به‌ستم کوشتنی عومه‌ری بن خه‌تاب و عوسمانی بن عه‌فان و عه‌لی بن ئهبیتالیبه، که ده‌کرێت به سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی تیرۆر له مێژووی موسڵمانان دابنرێت (له ڕاستیدا هه‌موو جارێ کوشتن تیرۆر نیه). دواتریش به قه‌تلوعامکردنی بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر (اهل البیت) که ئیمام حوسێن سه‌رکردایه‌تی ده‌کردن گه‌یشته ترۆپکه‌ی. هه‌تککردنی لاشه‌ی ئیمام حوسێن و بردنی که‌له‌ی سه‌ری له که‌ربه‌لاوه بۆ دیمه‌شق و ههڵواسینیشی له‌وێ، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌کرێت به سه‌ره‌تای په‌ره‌سه‌ندنی تیرۆر وه‌ک دیارده‌یه‌ک له مێژووی موسڵمانان دابنرێت. ئه‌تککردنی لاشه‌ش هه‌ر نه‌رێتێکی خێڵه‌کی عه‌ره‌بی بووه که تێکه‌ڵ به ئیسلام کراوه. بۆنمونه، هیندی ژنی ئه‌بو سوفیان لاشه‌ی ئیمام هه‌مزه‌ی له شه‌ڕی ئوحددا هه‌تککرد. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین، که مردنی لێده‌رچێت، ژماره‌ی ئه‌و خه‌لیفه و سه‌رکرده موسڵمانانه‌ی ئاشتیانه کورسی ده‌سه‌ڵاتیان به‌جێهێشتوه، له مێژووی چوارده سه‌ده‌ی موسڵمانان تا ئه‌مڕۆ، له په‌نجه‌کانی یه‌ک ده‌ست تێناپه‌ڕن. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌لیفه و ئیمام و سه‌رکرده موسڵمانه‌کان به ده‌ستی برایانی ئایینیان، له‌پێناو ئامانج و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، تیرۆرکراون. زۆربه‌یجاریش تیرۆرکه‌ر (بکوژ) کوڕ یان برا یان ئامۆزا یان مامی که‌سی تیرۆرکراو بووه. ئه‌مشێوه پراکتیزو به‌رخورده له‌به‌رابه‌ر نه‌یارانی سیاسی بوون به به‌ردی بناغه‌ی دیارده‌ی تیرۆر و کلتوری ڕق و قه‌بوڵنه‌کردنی جیاوازی له‌ناو موسڵمانان، هه‌روه‌ک گوتیشم بنه‌مایان له‌سه‌ر به‌ها و نه‌رێت و پراکتیزه عه‌ره‌بییه خێڵه‌کییه‌کان داناوه.
ئێستا ده‌کرێ باس له‌کاریگه‌ری ئه‌م دابونهرێتهی موسڵمانان له‌سه‌ر کلتوری کوردی بکه‌ین. کورد وه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه له سه‌ده‌ی هه‌شت و نۆی زاینیی به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان بوون به موسڵمان و ئێستاش زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان خۆیان به موسڵمان داده‌نێن و پراکتیزی رێوڕه‌سمه ئیسلامییه‌کانیش ده‌که‌ن. به‌ئیسلامبوونی کوردیش به‌شێوه‌یه‌کی سروشتییانه خستییه ژێر کاریگه‌ری ئه‌و کلتوره. ئه‌وه به‌و مانایه نیه که دیارده‌ی تیرۆر پێش هاتنی ئیسلام له‌ناو کوردان‌دا نه‌بووه. من ئه‌و ئیدیعایه‌ی که هه‌ندێک له‌سه‌ر پاکیزه‌یی کلتوری کوردی ده‌یکه‌ن به ئیدیعایه‌کی بێ بنه‌ما ده‌زانم، یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ئه‌م نوسینه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یه. دیاره ئه‌م بواره ده‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی و مێژوویی زیاتری له‌سه‌ر بکرێت، که له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌م کورته لێکۆڵینه‌وه‌یه.
که باس له هۆکاری ئایینی ده‌که‌ین مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بچمه بنج و بنه‌وانی ئه‌و گوتاره ئایینییه‌ی که توندوتیژی وهبهرههمدێنێ، نه‌ک هه‌ر گێڕانه‌وه‌ی هه‌ندێک روداوی مێژوویی. ئایینه‌کان به‌گشتی جیهانبینێکی ئایدیالیستانه‌یان هه‌یه. واته موریده‌کانی ئایینێک له جیهانبینی ئایینه‌که‌یانه‌وه ته‌ماشای دیارده‌کانی کۆمه‌ڵگه‌و سروشت ده‌که‌ن و له‌و دیدهوهش چاره‌سه‌رو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌یان ده‌که‌ن. ئایینی ئیسلامیش وه‌ک ئایینی زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بۆ هه‌ندێک که‌س، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین زۆربه، بۆته ڕوانگه‌ی جیهانبینییان. کێشه‌که‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که تێگه‌یشتنی سونهتییانه له ئایینیی ئیسلام، ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی عوله‌ما و فوقه‌هاکان په‌یڕه‌وی لێده‌که‌ن و بڵاویده‌که‌نه‌وه، خه‌ڵکانێکی ساده‌ی کوردستانیش په‌یڕه‌وی لێده‌که‌ن. ئه‌میش دانانی ئیسلامه به هه‌قیقه‌تێکی ڕه‌ها و چاره‌سه‌رێکی ئاسمانی و پیرۆز بۆ کێشه‌کانی سه‌رزه‌وی، که گفتوگۆ هه‌ڵناگرن و به‌هیچ شێوه‌یه‌کیش جێگایی گومان نین. ئه‌مجۆره تێگه‌یشتنه بووه‌ته هه‌وێنی تاکڕه‌ویی فکریی له‌لایه‌ن ئه‌و خه‌ته فکرییه‌ی موسڵمانان. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بیریاران و په‌یڕه‌وکارانی ئه‌و خه‌ته فکرییه ته‌نیا خۆیان به خاوه‌ن هه‌قیقه‌ت داده‌نێن، پێشیانوایه هه‌قیقه‌تێکی ئیلاهییه. هه‌موو خه‌ته فکرییه‌کانی دیکه به ناته‌واو و چه‌واشه و دنیایی داده‌نێن. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ته‌که‌ی خۆشیان به ئاسمانی و موقه‌ده‌س داده‌نێن ئه‌وه پاساوی دژایه‌تیکردن بگره له‌ناوبردنی هه‌موو هه‌قیقه‌ته‌کان یان هه‌ڵگرانی خه‌ته فکرییه‌کانی دیکه ده‌ده‌ن. بۆیه وه‌ک گوتمان لای ئه‌وان دنیا دوو ماڵه ماڵی موسڵمانان که ماڵی ئاشتییه له‌به‌رابه‌ر ماڵه‌که‌ی دیکه که ماڵی شه‌ڕه.
ئه‌و هه‌لومه‌رج و فه‌زا سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئه‌مڕۆ له کوردستان له ئارادایه له‌گه‌ڵ قه‌یرانی ئابوری (که ده‌سه‌ڵاتی کوردی لێیبه‌رپرسه و دواتر باسی لێوه‌ده‌که‌ین) بۆته مایه‌ی گه‌شه‌کردنی بێچاره‌یی و نائومێدی و نامۆیی. له ژینگه‌یه‌کی ئاوا‌شدا بیری ئایینیی وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی و گرنگی ژیانی رۆحیی کۆمه‌ڵگه، ته‌شه‌نه‌ده‌کات. له کۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانی کوردیش ئایینیی ئیسلام بۆته ئه‌و په‌ناگایه بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه. وه‌ک گوتیشمان، بیرۆکه ئایینییه‌کانی ئیسلامیش، لانیکه‌م وه‌ک ئه‌وه‌ی که تا ئێستا ته‌فسیرکراون، رههایین چونکه ئیسلام به ئاخرین ئایین ده‌ناسرێت و پێغه‌مبه‌ره‌که‌شی به مۆری کۆتایی پێغه‌مبه‌ران دانراوه. له‌به‌رئه‌وه ڕه‌هایی ئیسلام له ڕه‌هایی هه‌موو ئایینه‌کانی دیکه ڕه‌هاتر ناسێندراوه.
ئا لێره‌دایه ئه‌و که‌سانه‌ی چ به‌ڕاستی باوه‌ڕیان وایه که ئیسلام چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌کانی پێیه یان ئه‌وانه‌ی به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات بانگه‌شه‌ی ئه‌و جۆره چاره‌سه‌رییه ده‌که‌ن، ئه‌وا که‌ڵکیان له‌و بارودۆخه‌ی که له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی خوڵقاوه وه‌رگرتووه و بۆ مه‌به‌سته‌کانی خۆیان به‌کاریاندێنن. نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیرکه‌ین که سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کانی ئیسلام چ قورئان چ سوننه پڕن له‌و ده‌ق و گوته‌و کرده‌وانه‌ی که ئیسلامییه‌کان ده‌توانن بۆ پشتڕاستکردنه‌وه‌ی بانگه‌شه‌کانیان بیانهێنه‌وه. به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بارێکی سه‌رنج بده‌نه بارۆدۆخ و هۆکاری دابه‌زین و نوسینی ئه‌و ده‌قانه، واته ناپرسن ئه‌و ده‌قانه بۆ کێ و بۆچی و که‌ی هاتوون؟ له راستیدا، ده‌قه سه‌ره‌کییه‌کانی ئیسلام بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه و گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خێڵه‌کی که هه‌زارو چوارسه‌د ساڵ پێش ئێستا له نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌ب ده‌ژیان، دابه‌زیون. بۆیه سه‌پاندنیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌کانی ئه‌مڕۆ له سوکایه‌تیکردن به ئیسلام هیچی دیکه‌ی لێوهبهرههمنایهت.
ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و توندوتیژیی
ده‌سه‌ڵات هۆکارێکه که هه‌م ده‌کرێ وه‌ک هۆکارێکی توندوتیژی ته‌ماشا بکرێت هه‌م وه‌ک هێزێک که ده‌توانێت کاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه یان نه‌هێشتنی توندوتیژی. له کوردستان که‌من ئه‌وانه‌ی باس له ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن وه‌ک هۆکارێک له پشت توندوتیژییه‌وه، ئه‌گه‌ر ئاماژه‌شی بۆ بکه‌ن به هۆکاری سه‌ره‌کی دانانێن و پینه‌وپه‌ڕۆی بۆ ده‌که‌ن. له ڕاستیدا، بێمبالاتی و که‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵات هۆکارێکی هه‌ره سه‌ره‌کی گه‌شه‌ی دیارده‌ی توندوتیژییه. ڕه‌خنه‌ی سه‌ره‌کیشمان ئه‌و خاڵانه‌ن: نه‌بوونی یاسایه‌کی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه که بتوانێت هه‌م له ماڵه‌وه‌و هه‌م له داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت دیارده‌ی توندوتیژی به‌هه‌موو شێوه‌کانییه‌وه بنبڕ یان لانیکه‌م که‌مبکاته‌وه. له پاڵ ئه‌مدا، دابیننهکردن و زامننه‌کردنی دیموکراسی به مانا راسته‌قینه‌که‌ی، واته ڕێگه‌نه‌دان به ده‌ربڕینی هه‌موو بیروڕایه‌ک به به بیروڕا ئیسلامییه‌کانیشه‌وه. نه‌ڕه‌خساندنی هه‌لی یه‌کسان بۆ هه‌موو هێز و لایه‌ن و تاکه‌که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگه به‌مه‌به‌ستی ته‌عبیرکردن له‌خۆیان و رێکخراوه‌کانیان. بۆنمونه، نه‌بوونی ڕێکخراوی پیشه‌یی سه‌ربه‌خۆ و کارا. دیاره له کوردستان ڕێکخراوی، بۆنمونه، قوتابیان، مامۆستایان هتد... هه‌ن، به‌ڵام پرسیاری سه‌رکی ئه‌وه‌یه، ئایا ته‌عبیر له خواست و ئاره‌زو و مافی قوتابیان و مامۆستایان ده‌که‌ن؟ ئایا خه‌بات بۆ جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌و مافه‌کانی قوتابیان و مامۆستایان ده‌که‌ن؟ یان بوونه‌ته ئامرازێک به ده‌ست حیزبه کوردییه‌کان بۆ به‌حیزبیکردنی مامۆستایان و قوتابیان. ئه‌مه له‌سه‌ر زۆربه‌ی هه‌ره زۆری رێکخراوه پیشه‌یی و جه‌ماوه‌رییه‌کانی کوردستان جێبه‌جێده‌بێت. ده‌سه‌ڵات له کوردستان تا ئه‌و راده‌یه رێگه به‌کاری رێکخراوه‌یی ده‌دات که له‌گه‌ڵ ئامانج و مه‌رامه‌کانی خۆی بێنه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتی کوردی پڕبه‌پێست هه‌لی یه‌کسانی بۆ خه‌ڵکی کوردستان نه‌ڕه‌خساندوه. مه‌به‌ستمان له هه‌ل، ڕه‌خساندنی باری گونجاوه بۆ خوێندن و کارکردن و ده‌ستڕاگه‌یشتن به خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌کان. له کوردستان ناحزبییه‌کان به هاوڵاتی ده‌ره‌جه دوو حیسابدهکرێن. له داموده‌زگاکانی کوردستان گه‌نده‌ڵی ئیداری و ئه‌خلاقی به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو هه‌ستی پێده‌کرێت. بۆنمونه، ته‌نده‌ری کۆنتراکته‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای بنه‌ماڵه‌یی و خزمایه‌تی و حزبایه‌تی وه‌رده‌گیرێن. دیاره ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سانه کۆنتراکچی لێهاتوو و خاوه‌ن ئه‌زمونیش بوونایه، له‌وانه‌بوو چاوی لێبپۆشین به‌ڵام به‌داخه‌وه نوێنه‌رانی حیزبه‌کان کۆنتراکته‌کان هه‌ر له‌سه‌ر کاغه‌ز ده‌فرۆشنه‌وه!!!
له کوردستان ئه‌گه‌ر حزبی نه‌بیت، مه‌گه‌ر چۆن، ده‌نا بیر له خوێندنی باڵا مه‌که‌وه، چونکه ئه‌وه دنیایه‌که حزب به کۆنتراکت گرتویه‌تی. به‌رتیل و ره‌شوه و واسیته سێ کوچه‌ی ده‌زگاکانی حکومه‌تن له به‌رێوه‌بردنی کاروباری هاوڵاتیان. ژنانی کوردستان ئه‌گه‌ر ده‌رگای کارکردنیشیان له‌به‌رده‌م بکرێته‌وه له‌به‌ر رێزگرتن له مافی کارکردنیان نیه، به‌ڵکو بۆ نیازی شاراوه‌ی دیکه‌یه. هه‌موو ئه‌و گه‌نده‌ڵیی و بێمافییانهی به خه‌ڵکی کوردستان ده‌کرێن به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌زگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ بۆ لێپرسینه‌وه هه‌بێت. به‌ڕاستی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌ت و ده‌زگاو رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤیش له کوردستان حزبیین یان سه‌ر به ده‌وڵه‌تی حزبیین. له‌وانه‌یه کوردستان تاکه شوێن بێت که وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی لێبێت. ئه‌مانه‌و چه‌ندانی دیکه که ماوه‌ی باسکردنیمان نیه، بوونه‌ته هۆی ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌ک که خه‌ڵکانی سه‌ر به هه‌ندێک توێژی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی تووشی نامۆیی و بێئومێدی و بێچاره‌یی کردوه. ئه‌م باره سایکۆلۆجیهش بووه‌ته مایه‌ی دروستبوونی ڕقێکی گه‌وره که زۆرجار به‌شێوه‌ی توندوتیژیی یان به کاری تیرۆریستی ده‌رده‌بڕدرێت.
کلتوری کوردیی و توندوتیژی
که‌سانێک هه‌ن باس له‌وه ده‌که‌ن که کلتوری کوردی تیرۆر یان توندوتیژی وهبهرههمناهێنێ. ئه‌وانه، با ئه‌و پرسیاره له خۆیان بکه‌ن و بڵێن ئایا ژیان یان مرۆڤ له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه چ نرخێکی هه‌یه؟ ئایا مردن یان ژیان، کامه‌یان له کلتوری کوردی زیاتر نرخی بۆ دانراوه؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ته‌نیا ئاماژه به هه‌ندێک به‌ها یان دیارده کلتورییه‌کانی ناو کورد ده‌که‌ین، وه‌ک دیارده‌ی کلتوری تۆڵه و ڕق و مه‌رگدۆستی. ئه‌م دیاردانه له‌ناو کوردا باون و هۆکاریشیان زۆره، به‌ڵام دووانیان زۆر زه‌قن یه‌کێکیان عه‌قلییه‌تی خێڵه‌کی و ئه‌ویدیکه‌یان ئایینه. ئه‌گه‌ر کلتوری تۆڵه و ڕق بگێڕینه‌وه بۆ عه‌قڵیه‌تی خێڵه‌کی ئه‌وا کلتوری ئایینی به‌رپرسه له زاڵی دیارده‌ی مه‌رگدۆستی.
با وه‌ک نمونه باس له مه‌رگدۆستی و مردوپیرۆزی بکه‌ین. به‌گوێره‌ی ئایینی ئیسلام ژیانی ئێستاکانه واته ژیان له‌سه‌ر زه‌وی کاتییه (موه‌قه‌ته) و ژیانی ئه‌وێ دنیایێ ژیانێکی بێکۆتاییه (ئهزالییه). بنیاده‌م هه‌رشتێکی ئێستا ده‌یکات ده‌بێ بۆ دورینه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی بێت له دنیا ئه‌زه‌لییه‌که. ئێمه بۆیه ده‌ژین بۆئه‌وه‌ی بمرین نه‌ک بۆئه‌وه‌ی خۆشی و که‌یف له ژیان وه‌ربگرین. بۆیه ژیان له تێگه‌یشتنی ئایینییانه‌ی کورد نرخی که‌مه یان هه‌ر نیه‌تی. جا که‌سێک نرخی ژیانی خۆی لا گرنگ نه‌بێ ده‌بێ چ نرخێک بۆ ژیانی که‌سانی دیکه دا‌نێت. مردوه‌کان به‌گوێره‌ی کلتوری ئایینی-کوردیی به‌نرخترن له زیندوه‌کان، ته‌نانه‌ت بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی کورد گۆڕستانی مردوه‌کان هه‌میشه به‌رزتر له شوێنی زیندوه‌کانی دا‌نێت. گه‌ڕانێک به‌ناو شاری سلێمانی و هه‌موو شار‌و شارۆچکه و گونده‌کانی کوردستان ئه‌و راستییه به سانایی ده‌سه‌لمێنن. سهرتهپۆڵکی زۆربه‌ی گرده‌کانی سلێمانی بوون به قه‌برستان. له سه‌ر ڕێگای هه‌ولێر دیبه‌گه یه‌ک گردی لێیه، له پیرداود، کراوه به گۆڕستان. گۆڕستانی سه‌ید سادق له به‌ررزترین گردیی شاره‌که دامه‌زراوه. حه‌سه‌ن زیره‌ک پێشئه‌وه‌ی بمرێت بێنرخترین مرۆڤ بوو له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، که مرد گۆڕه‌که‌یان له‌سه‌ر به‌رزترین گردی بۆکان، ناڵه‌شکێنێ، بۆ هه‌ڵکه‌ند. ئه‌وانه‌ی به "زیندویی" تف و نهعلهنتیان ده‌کرد، پاش مردن کڕنوشیان بۆ "گۆڕه‌که‌ی" ده‌برد. ئه‌مانه چه‌ند نمونه‌یه‌کن به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌ماشای قه‌برستانه‌کانی کوردستان بکه‌یت زۆربه‌یان ئه‌گه‌ر هه‌موویان نه‌بێت له‌و شوێنانه به‌رزترن که زیدوهکانی لێده‌ژین. باشه ئه‌گه‌ر له کلتورێکدا مردو پیرۆزتر بێت له زیندو چۆن له‌و کلتوره دیارده‌ی مه‌رگدۆستی یان توندوتیژی تا ڕاده‌ی تیرۆریزم زاڵ نابێت.
ئه‌وه تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌یوه‌ندی به کلتوری ئایینییه‌وه هه‌یه، من پێموایه به‌هه‌مانشێوه هێزه ناسیونالیست و چه‌په‌کانیش به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان بانگه‌شه‌ی مهرگدۆستیان له‌ژێر په‌رده‌ی خه‌باتی نیشتیمانی و چینایه‌تی کردوه، یان به‌جۆرێکی دیکه بڵێین پاساوی توندوتیژی خه‌باتیان ده‌کرد به‌مه‌به‌ستی بردنه‌پێشی ئایدیۆلۆجیاکانیان. هه‌ر له‌م چه‌ند ساڵی ڕابردوودا هێزه ناسیونالیسته‌کان به که‌ڵکوه‌رگرتن له‌و کاره دزێوانه‌ی تیرۆریسته‌کان به‌گشتی و گروپه‌که‌ی شێخ زانا کردویانه ده‌یانه‌وێت په‌ره به رۆحی نه‌ته‌وه‌یی روت بده‌ن. ئه‌وان گه‌شه‌پێدانی رۆحی نه‌ته‌وه‌یی به ڕێگه‌چاره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌ی تیرۆر له کوردستان داده‌نێن. ئه‌وه‌یان له‌بیرچۆته‌وه یان پشتگوێی ده‌خه‌ن که بیری نه‌ته‌وه‌یی روت بوو بووه به مایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نازیزم و فاشیزم له ئه‌وروپا و به‌عسیزم له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
په‌روه‌رده و توندوتیژیی
هۆکارێکی دیکه‌ی به‌رهه‌مهێنی توندوتیژی شێوازی سیسته‌می په‌روه‌رده و ناوه‌ڕۆکی به‌رنامه‌ی خوێندن (مینهاج) و په‌ره‌وه‌رده‌ی منداڵه له کوردستان. سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی کوردستان تا بڵێی سه‌قه‌ته. من زۆر ئاگاداری ئه‌و گۆڕانکارییانه نیم که به‌م دواییه له سیسته‌می په‌روه‌رده‌کراوه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و قسانه‌ی که ده‌یکه‌م له‌سه‌ر سیسته‌مه کۆنه‌که‌یه که به دڵنیاییه‌وه کاریگه‌رییان هه‌ر ماوه. هیوادارم سیسته‌مه نوێکه هێنده نوێخواز بێت که ته‌جاوزی ئه‌م ره‌خنانه‌ی منی کردبێت.
مه‌به‌ستیشم له سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی هه‌ردوو ئینستیتۆ سه‌ره‌کییه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌که‌ی کلتوره که ماڵ (خێزان) و قوتابخانه‌ن. کۆمه‌ڵگه‌ی کورد له ماڵه‌وه و له قوتابخانه ڕۆڵه‌یه‌کی گوێڕایه‌ڵی بێ پرسیار و ترسنۆک و بێ گومان دێنێته به‌رهه‌م. منداڵی کورد له ماڵ و له قوتابخانه هێشتا ته‌مه‌نی نه‌بۆته حه‌وت ساڵ هه‌موو هه‌قیقه‌ته‌کانی ده‌خزێنرێته ناو مێشک. مه‌به‌ستم له هه‌قیقه‌ته‌کان وه‌ڵامی پرسیاری گه‌وره‌ی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێمه کێین؟ له‌کوێوه هاتوین؟ بۆ کوێ ده‌چین؟ ـه. وه‌ڵامه‌کان هه‌مووی له ده‌قی یه‌ک ڕسته کۆکراونه‌ته‌وه و له ماڵه‌وه به‌بن گوێی منداڵه‌کان ده‌گوترێنه‌وه و له قوتابخانه‌ش له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی، بۆنمونه، کتێبی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی نوسراوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه "خوا عه‌ردو عاسمان و مرۆڤی خه‌لقکردوه." له‌وانه‌یه هه‌ندێک بڵێن جا ئه‌وه چی تیایه؟ مه‌گه‌ر وانیه؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم، ئه‌وه تاک هه‌قیقه‌تی له کلتوردا دروستده‌کات و منداڵ بێ پرسیار ده‌هێڵێته‌وه.
له‌م کۆنتێستهدا (محتهوایهدا) من مه‌به‌ستم مانا فه‌لسه‌فییه‌که‌ی هه‌قیقه‌ته، واته ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت یان ئایین یان ده‌زگایه‌ک یان تاکه که‌سێک به هه‌قیقه‌تێکی ره‌های داده‌نێت. له‌لایه‌ک مه‌رج نیه ئه‌و هه‌قیقه‌ته راست بێت و له‌لایه‌کی دیکه قوتابی له هه‌موو قۆناغه‌کان ته‌نانه‌ت ئینسانه‌کانیش وه‌ک قوتابی له ژیان ده‌بێ به دوای هه‌قیقه‌ت یان ههقیقهتاکاندا بگه‌ڕێن. ئه‌رکی خێزان و قوتابخانه فه‌راهه‌مکردنی ڕێگه‌ی گه‌ڕانه به‌دوای هه‌قیقه‌ته‌کان نه‌ک سه‌پاندن یان ده‌سته‌به‌رکردنی یه‌کێکیان و دانی به منداڵ وه‌ک دیارییه‌ک. مه‌به‌ستم له گه‌ڕان ئه‌وه‌یه که قوتابی (منداڵ) واچاکه دوای گه‌ڕان و به‌دواداچوونێکی زۆر ئه‌وسا به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆی و دوای هه‌ڵسه‌نگاندنیان یه‌کێکیان یان چه‌ندانێکیان به ڕاست یان راستر له‌وانی دیکه هه‌ڵبژێرێت. ده‌شکرێ هه‌موویان رهتکاتهوهو به‌دوای هه‌قیقه‌تێکی دیکه‌ی هێشتا نادیار وێڵ بێت. ئه‌وه‌ی من ره‌تیده‌که‌مه‌وه، یه‌که‌م، دانانی یه‌ک ههقیقهتییه و دووه‌میش، ده‌رخواردانی هه‌قیقه‌ته له‌جیاتی ئه‌وه‌ی رێگه به قوتابیان و منداڵان بدرێت بۆ چوونه ناو دنیای هه‌قیقه‌ته‌کان یان گه‌ڕان به‌دوای دانه‌یه‌ک که هێشتا له‌وانه‌یه که‌س په‌ی پێنه‌بردبێت. ساده‌ترین پێشنیاز بۆ ئه‌و رسته‌یه‌ی که باس له دروستکردنی عه‌ردو ئاسمان ده‌کات ئه‌وه‌یه که بنوسرێت "به‌گوێره‌ی ئایینیی ئیسلام خوا عه‌ردو عاسمان و مرۆڤی خه‌لقکردوه." له‌وانه‌یه بڵێن جا ئه‌وه جیاوازی چییه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشتر. من ده‌ڵێم جیاوازییه‌که له‌وه‌دایه که تۆ به منداڵه‌که یان قوتابییه‌که ده‌ڵێیت ئه‌م هه‌قیقه‌ته به‌گوێره‌ی ئایینی ئیسلامه. منداڵه‌که هه‌ستێکی لا دروستده‌بێت که پێیوابێت که‌واته ده‌کرێ هه‌قیقه‌تی دیکه‌ش هه‌بێت. له راستیدا، ئه‌مه پرسیار و گومان لای که‌سه‌که دروستده‌کات و هانی گه‌ڕانی ده‌دات به دوای بووچوونه‌کانی دیکه یان هه‌قیقه‌ته‌کانی دیکه. به‌کورتی منداڵ یان قوتابی په‌روه‌رده‌کراو له‌سه‌ر تاک هه‌قیقه‌تی منداڵێک یان قوتابییه‌کی توندڕه‌و و تاک ڕه‌هه‌ند به‌رهه‌مدێنێت. توندڕه‌ویی و تاک ڕه‌هه‌ندیش هه‌وێنی توندوتیژیی و تیرۆریزمن.
به‌داخه‌وه، دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له 17 ساڵ له ئازادی کوردستان، تازه ده‌ستکاری له به‌رنامه سه‌قه‌ته‌که‌ی خوێندنی به‌عس ده‌ستیپێکردوه. هیوادارم ئه‌م گۆڕانکارییانه له مه‌سه‌له‌ی گۆڕینی رسمهکانی لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می کتێبه‌کان و گۆڕینی ناوی سه‌رکرده نایابه‌کان تێپه‌ڕبکات و ده‌ستبخاته ناو چه‌مک و شێوازه سه‌قه‌ته‌کانی سیسته‌م و به‌رنامه‌ی خوێندن. چونکه، بۆنمونه، بره‌ودان به هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی کوردیی له‌جیاتی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی هیچ له مه‌سه‌له‌کان ناگۆڕێت.
نمونه‌یه‌کی دیکه‌ی زه‌قی ده‌مارگیری، که ده‌بێته زاده‌ی توندوتیژی، وانه‌کانی زمانی ئینگلیزییه له کوردستان. قوتابیانی ئاماده‌یی ئێستاش "کیپس" و "ئۆلیڤه‌ر تویست" و "مێرچانت ئۆڤ ڤینس" (ڕۆمانه‌کانی قۆناغی ئاماده‌یی ده‌رسی ئینگلیزی) ده‌خوێنن. ئه‌وه له‌کاتێکدا له کۆتایی هه‌فتاکان که ئه‌و رۆمانانه خزێنرانه ناو به‌رنامه‌ی خوێندن مقۆمقۆی ئه‌وه بڵاوبۆوه که مه‌به‌ست له‌م چیرۆکانه به‌دناوکردن و دژایه‌تیکردنی جوله‌که‌یه، چونکه له هه‌رسێکیان کاره‌کته‌ره خراپه‌کان که‌سانی جوله‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر باس له دسپلینی منداڵیش بکه‌ین، ئه‌وه بۆخۆی کاره‌ساتێکه. لێدانی منداڵ له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا تا ئێستا باوه. ئه‌مه‌ش به‌و مانه‌یه‌یه که له زۆر ماڵی کوردی‌دا رۆژانه توندوتیژی له‌به‌رابه‌ر منداڵ به‌کاردێت و زاتی تیرۆر ده‌کرێت. ماوه‌یه‌که له قوتابخانه‌کانی کوردستان لێدان قه‌ده‌غه کراوه، که‌چی له‌ماڵه‌وه هێشتا منداڵ به شه‌ق پێله‌قه تێیههڵدهدرێت، ئه‌وه‌ش بۆخۆی کاره‌ساتێکی دیکه وهبهرههمدێنێت. ئه‌و دوو شێوازه‌ی به‌رخورد له‌گه‌ڵ منداڵ ده‌بێته مایه‌ی دروستبوونی ئیزدیواجییه‌ت له لای منداڵه‌که. ئه‌وه بێجگه له‌وه‌ی که تیرۆری قسه پێگوتن هه‌ر به‌رده‌وامه، بۆنمونه، مامۆستاکان به ده‌یانجار به‌و قوتابییه گه‌وره‌ساڵانه‌ی تازه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ قوتابخانه‌کان ده‌ڵێن "ئه‌وه چ ده‌که‌ن لێره بچن ئیشه‌کی بکه‌ن (بۆ کوڕان) یان مێرده‌کی بکه‌ن (بۆ کچان) باشتر نیه. ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره قسانه تیرۆر نه‌بێت ئه‌ی چی تیرۆره. قوتابی له‌وانه‌یه زۆری پێ‌خۆشتر بێت لێیبدرێت و جه‌سته‌ی ئازار بدرێت نه‌ک ده‌رونی بریندار بکرێت. ئه‌وانه چه‌ند نمونه‌یه‌کی ساده‌ن، به هه‌زاران نمونه‌ی وا له شێوازی سه‌قه‌تی په‌روه‌رده‌ی منداڵ له ماڵ و له قوتابخانه به‌دیده‌کرێن.
ئه‌م شێوازی په‌روه‌رده‌کردنه منداڵێک وهبهرههمدێنێت که ڕقی له خه‌ڵکانی سه‌ر به ڕه‌گه‌زه‌کانی دیکه و ئایینه‌کانی دیکه ببێته‌وه، ئه‌وه ئه‌مجۆره هه‌ستانه‌یه که هه‌ندێک ده‌سته و تاقم کاریان له‌سه‌ر ده‌که‌ن و بۆ مه‌رامه‌کانی خۆیان به‌کارییان دێنن.
پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌ویه باشه چ بکه‌ین؟ وه‌ک گوتم هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن به‌ئاگایی یان به‌هه‌ڵه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان دیارده‌ی تیرۆر و توندوتیژی له کوردستان له‌ناو هه‌ندێک گروپی تیرۆریستی یان توندڕه‌و خه‌فه بکه‌ن و بڵێن کلتوری ئێمه دووره له جۆره دیاردانه یان هه‌وڵده‌ن توندوتیژی له تیرۆریزم جیابکه‌نه‌وه. ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌یه و به هیچ شێوه‌یه‌ک له خزمه‌ت به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی و تیرۆریزم نیه. من پێموایه ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه مه‌به‌ستێکی سیاسیی له‌پشته، چونکه توندوتیژی جۆرێکه له تیرۆر. بۆنمونه، به‌کارهێنانی توندوتیژی له‌دژی منداڵان و ژنان بریتییه له تیرۆرکردنی منداڵان و ژنان. له‌وانه‌یه تیرۆری جه‌سته‌یی نه‌بن به‌ڵام زاتیان به زیندویی تیرۆرده‌کات. رێگه‌گرتن له قوتابیه‌کی پڕتوانا بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن و کوشتنی تواناکانی زاتی قوتابییکه شتێکی وای له کوشتنی جه‌سته‌یی قوتابیه‌که که‌متر نیه. ئه‌مه‌و ده‌یان دیارده‌ی دیکه‌ی تیرۆر، بۆیه ده‌توانین بڵێین توندوتیژی به‌گشتی زاده‌ی کلتورو شێوازی هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کن که رۆژانه له ده‌یان لاوه سه‌دان ده‌رسی توندوتیژیی ده‌درێن.
بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش که کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێ خه‌وش و پاکیزه‌یه‌و دووره له دیارده‌ی تودندوتیژیی و تیرۆره بانگه‌شه‌یه‌کی سیاسیی فشۆڵه و مه‌به‌ستی دهستدانهنانه له سه‌ر ده‌رده کوشنده‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی.
ئه‌وه‌ی ده‌بێ کاری له‌سه‌ر بکرێت بریتیین له خودی ده‌سه‌ڵات، کلتوری باو، سیسته‌می په‌روه‌رده له‌گه‌ڵ ئایینی کۆمه‌ڵگه. ده‌سه‌ڵات ده‌بێ به‌خۆیدابچێته‌وه، واز له قۆرغکردن و تاکڕه‌ویی ده‌سه‌ڵاتکردن بێنێت و هه‌لی گونجاو بۆ خه‌ڵک بڕه‌خسێنێت تاوه‌کو لایه‌نه جیاجیاکانی کۆمه‌ڵگه له که‌شێکی یه‌کسان و ته‌ندروستدا ململانێکانیان ببه‌نه‌پێش. هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ی ئاماژه‌مان پێکردن ده‌بێ چاره‌ی گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه له‌سه‌روی هه‌موویانه شه‌فافییه‌ت ڕێزگرتن له ئازادی راسته‌قینه و مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی میدیا و ده‌ستهه‌ڵگرتن له تیرۆرکردنی زاتی ئینسانه‌کان.
هه‌موو ده‌زگا وهبهرههمهێنهکانی کلتوریش، به‌تایبه‌تی: خێزان و قوتابخانه و ده‌وڵه‌ت و میدیا ده‌بێ هه‌وڵی بنبڕکردنی کلتوریی یه‌ک هه‌قیقه‌تی و تاکڕه‌ویی و تۆڵه و ڕق و توندوتیژی بده‌ن. له‌هه‌مانکات، هه‌لی گونجاو بڕه‌خسێنن بۆ گه‌شه‌کردنی کلتوری رێزگرتن له هه‌موو هه‌قیقه‌ته‌کان و پلورالیزم و یه‌کدی قه‌بوڵکردن و لێبورده‌یی. تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌یوه‌ندی به ئایینییشه‌وه هه‌یه، ئه‌وه واچاکه که شاره‌زایانی بواری ئایین نه‌ک ته‌نیا مه‌لاکان پێداچونه‌وه‌یه‌ک و خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ بۆ ده‌قه ئایینییه‌کان بکه‌ن. به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌قانه‌ی که ڕاسته‌وخۆ هانی کاری توندوتیژیی ده‌ده‌ن و لێکدانه‌وه‌ی توندڕه‌وانه‌یان لێ هه‌ڵده‌هێنجرێت.
ئێستا زۆرلایه‌ن یان مه‌لا باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که مه‌به‌ست له جیهاد له ده‌قه ئایینییه‌کان، جیهاد نیه دژی موسڵمانان، یان ده‌ڵێن ئه‌وه ڕاست نیه جیهاد دژی کوردی به‌سته‌زمان بکرێت، یان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن جیهاد ته‌نیا ده‌بێت له دژی کافران بکرێت، یان جیهاد بۆ شه‌ڕی به‌رگرییه. من ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ی هاواری جیهاد ده‌که‌ن نه تۆ و نه کورد و نه که‌سیان پێ موسڵمان نیه. ته‌کفیرکردنی که‌سانی دیکه لای ئه‌وان زۆر ئاسانه و وه‌ک گوتیشم ده‌قه ئایینییه‌کان پڕن له پاساو. بۆیه پێموایه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و ئیسلامی کاتێک ده‌کرێت له‌و جۆره لێکدانه‌وانه ڕزگاربکرێت که پێش هه‌موو شتێک و به‌بێ هیچ مه‌رجێک ئایین و سیاسه‌ت لێکجیابکاته‌وه، به‌بێ پێچ و په‌نا. ئه‌وجا، چه‌مکی جیهاد به‌ته‌واوی وه‌لابنرێت، چونکه ئه‌گه‌ر به‌یه‌کجاری وهلانهنرا ئه‌وه هه‌ر گروپێک له‌کاتی پێویستدا به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان پاساوی ئایینیی به‌ناوی جیهاد بۆ کاره توندوتیژه‌کان دێنێته‌وه. له‌وانه‌یه هه‌ندێ که‌س بپرسن ئه‌ی جیهاد له دژی بێباوه‌ڕان (یان ئه‌وانه‌ی ههدنێجار به کافر یان ناموسڵمان ناوزه‌دده‌کرێن)؟ له ڕاستیدا ده‌بێ پرسایره‌که سهرانگۆ بکرێت و بڵێین بۆ ده‌بێ جیهاد له دژی ناموسڵمانان یان ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕیان نیه بکرێت؟ بۆ دورخستنه‌وه‌ی ئیسلام له توندوتیژیی و کاری تیرۆریستانه ده‌بێت جیهاد له دژی ناموسڵمانان و بێباوه‌ڕانیش وه‌لا بنرێت.
بانگه‌شه و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایین ده‌بێ به‌پێی یاسا مه‌ده‌نییه‌کان به بنه‌ما له ڕێزگرتن له باوه‌ڕو ئایین رێکبخرێت. نابێ که‌س ڕێگه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی ئایینه‌که‌ی خۆی لێ‌بگیردرێت، به ئایینی بێباوهڕیشهوه (ئه‌گه‌ر ئه‌ویش ناو بنێین ئایین). به‌پێی ده‌قی قورئان که‌س مافی سه‌پاندنی بیروبۆچوونی ئایینیی به‌سه‌ر که‌سێکی دیکه‌دا نیه، وه‌ک ئه‌وه‌ی له سوره‌تی به‌قهره هاتوه "له‌م دینه‌دا به‌زۆر داسه‌پاندن نیه" (قورئان 2: 256).
هه‌ندێ لایه‌ن به‌ناوی به‌رگریکردن له نیشتمان بانگه‌شه‌ی جیهاد ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست به‌رگریکردنه له وڵات ئه‌وه ئه‌رکی ده‌وڵه‌ته نه‌ک ئایین که توانای گونجاو بۆ ئه‌م ئه‌رکه ده‌سته‌به‌ربکات. پێموانیه هاوڵاتیان چاوپۆشی له حکومه‌تێک بکه‌ن که له دژی بێگانه و داگیرکه‌ران به‌رگریان لێ‌ناکات.
یه‌کێک له گه‌وره‌ترین کاره‌سات که دووچاری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بۆته‌وه گه‌ڕانه‌وه‌و پرسکردنه به پیاوانی ئایینیی له‌سه‌ر کێشه و گرفته سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. له‌کاتێکدا ئه‌مه ئه‌رکی که‌سانی شاره‌زاو پسپۆڕ و ده‌زگای تایبه‌تمه‌نده له کۆمه‌ڵگه مه‌ده‌نییه‌کان. ئه‌م دابه وایکردوه مه‌لا له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بکات به مه‌رجه‌عێکی بێ رکابه‌ر.کورد زۆر رێز بۆ مه‌لا ئایینییه‌کان داده‌نێت، که له جێی خۆیه‌تی، به‌ڵام نابێت بۆ کارێک که په‌یوه‌ندی به ئایینیشه‌وه نه‌بێت مه‌لا بکرێت به مه‌رجه‌ع. له کلتوری کوردی‌دا مه‌لا هێنده به‌رز دانراوه، بۆیه که هه‌ڵه له که‌سێک ببیندرێت ده‌ڵێن ده‌ی ده‌ی قهیدیناکات "مه‌لاش غه‌ڵه‌ت ده‌کات." واته مه‌لا زۆر که‌م هه‌ڵه ده‌کات. له ڕاستیدا، واچاکه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به مه‌رجه‌عیه‌ته‌که‌ی خۆی دابچێته‌وه، به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ئهڵتێرنهیتیڤی دیکه‌ی هه‌یه؟ ئه‌وه پرسیارێکه ده‌بێت ده‌سه‌ڵات و په‌رله‌مان و نوخبه‌ی ڕۆشنبیریی کوردیی وه ئاگابێنێت و بیرله‌وه‌بکه‌نه‌وه که‌ی و چۆن ئه‌وان ده‌بن به‌و ئهڵتێرنهیتیڤه.
ئه‌م بابه‌ته له 17/06/2008 له ژماره 343 ڕۆژنامه‌ی میدیا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
0 Comments:
Post a Comment
Subscribe to Post Comments [Atom]
<< Home